دایکێک منداڵەکەشی لەگەڵ خۆی هێناوە
لەناو جەرگەی بازاڕی سلێمانی ژنان چێشتخانەیەکی کوردەوارییان کردووەتەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لەناو جەرگەی بازاڕی سلێمانی و ناو پیاواندا، کۆمەڵێک ژن چێشتخانەیەکەیان لە شەقامی خانەقا کردووەتەوە و وەک خۆیان دەڵێن، پیاویان تێدا نییە و سەرجەم کارمەندەکانیان ژنن.
رووپاک ئەحمەد، کە خۆی خاوەنی چێشتخانەکەیە و رۆژانە خواردنەکانیش ئامادە دەکات بە 964ـی وت، “گرنگە ژنان پێکەوە کاربکەن، چێژ و خۆشی زیاتری تێدایە و مورتاحین، حەزمان کرد هەموومان ژن بین، لە کاشێرەوە تا تەواوی ستافەکە، پیاوان سەردانمان دەکەن، بەڵام کارمەندی پیاومان تێدا نییە، ئەو رێچکەیە دەشکێنین کە دەڵێن، دەسیاوی پیاوان خۆشترە”.
برنجی کوردی و درێژ و مریشک و گۆشت و کفتە و یاپراخ و هەرچی بابەتی کوردی تایبەتە دایانناوە و ماڵی نەوسنەکانە، خاوەن چێشتخانەکەش دەڵێت، “ئەگەر حەزت لێبێ هیچ کارێک قورس نییە”.
ئەوەی جێی سەرنجە، خانمە کاشێرەکە کە پارەی موشتەرییەکانیان وەردەگرێت، دایکە و منداڵەکەشی لەگەڵ خۆی هێناوە، هەم کار دەکات و هەم دایکایەتیش دەکات.
پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح