بینای باڵێۆزخانەی ئیسرائیل لە مەکسیک - وێنە؛ AFP
قسەی کاربەدەستانی ئەمریکا و ئیسرائیلە
“پیلانێکی سوپای پاسداران بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک پوچەڵ کراوەتەوە”
964+
شۆڕش قادری
بەقسەی کاربەدەستانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پیلانێکی سوپای پاسداران بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک پوچەڵکراوەتەوە.
مالپەڕی ئاکسیۆس لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە کە، “لە کۆتایی ساڵی 2024 تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، یەکەیەکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە هەوڵدا بووە، عەینات کرانتس باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک تیرۆر بکات”.
چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیلیش هەواڵەکەیان بۆ ئاژانسەکانی هەواڵی ئەسۆشێتدپرێس و رۆیتەرز پشتڕاست کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، پیلانەکە لە ئارادا هەبووە بەڵام پوچەڵکراوەتەوە و لە ئێستادا هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە.
ئۆرن مارمورستاین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش، سوپاسی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی مەکسیکـی کردووە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە و رایگەیاندووە، هەوڵی دەزگای ئەمنییەکانیان بە هاوکاری و هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەکانی جیهان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، بەردەوام دەبێت.