خورماتوو
نەبوونى سەنتەرى شوشتنەوەى گورچیلە گرفتى بۆ نەخۆشان دروستکردووە
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
نەبوونی سەنتەرێکی تایبەت بە شوشتنی گورچیلە لە قەزای خورماتوو، نەخۆشەکانی ناچارکردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر روو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێژەی توشبووان لە ناوچەکەدا لە زیادبووندایە و پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە.
فەوزی ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆماری لە خورماتوو، بە 964ـی راگەیاند، “ژمارەیەکی زۆر نەخۆشمان لە قەزاکەدا هەن کە بۆ شوشتنی گورچیلەکانیان ناچارن بەردەوام سەردانی شارەکانی هەرێم و بەغدا بکەن.”
بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆماری، ئەو نەخۆشانە پێویستیان بەوەیە کە هەفتانە دووجار گورچیلەکانیان بشورێت، ئەمەش بارگرانی و ماندووبوونێکی زۆری بۆ ئەوان و کەسوکاریان دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا چەندین جار لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە داوای دابینکردنی ئامێری پێویستیان کردووە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی بودجەی پێویست، داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکراوە.
جەختیش دەکاتەوە، بە تەواوکردنی نەخۆشخانە 180 قەرەوێڵەییەکەی خورماتوو، تەواوی کێشە و گرفتەکانی بەشی تەندروستی لە سنوورەکە چارەسەر دەبێت و چیتر پێویست ناکات هاوڵاتیان بۆ کێشەی تەندروستی روو لە شارەکانی دیکە بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح