بۆ دوو کیلۆمەتر قیر
دانیشتوانى پڕۆژەى هاموون سیتى گردبوونەوە
964+
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
ژمارەیەک لە دانیشتووانى پڕۆژەى نیشتەجێبوونى هاموون سیتى لە کۆیە، بۆ قیرتاوکردنى دوو کیلۆمەترى رێگاى سیتییەکەیان گردبوونەوە.
ئەوان وەک باسى دەکەن، ژمارەیان 60 بۆ 70 ماڵە و 200 کەس تێیدا دەژین، بەڵام لەوماتەوە دروستکراوە تا ئێستا دوو کیلۆمەترى رێگەى سەرەکى پڕۆژەکە تا شەقامى سەرەکى قیرنەکراوە.
وەک ئەوەى دانیشتوانى پڕۆژەکە بۆ 964 قسەیان کردووە، پڕۆژەکەیان کەموکوڕى زۆرە، هەر لە نەبوونى پەرژین و ئینارە و یاریگا و خوێندنگە، بەڵام گرفتى سەرەکیان رێگایەکەیە کە دوو کیلۆمەترە.
بە وتەى رابەر حوسێن، لە نێوان شارەوانى و وەبەرهێنان و کۆمپانیا گیریانخواردووە، وەک دەڵێت: دەچینە لاى شارەوانى، دەڵێت:”ئەوە لاى وەبەرهێنانە، دەچینە وەبەرهێنان دەڵێت ئەوە لاى کۆمپانیایە، کۆمپانیاش دەڵێت ئیشى خۆمان جێبەجێ کردووە و پەیوەندى بە ئێمەوە نییە”.
داواش دەکەن، هەرچى زووە ئەو دوو کیلۆمەترەیان بۆ قیر بکەن و لەو دۆخە رزگاریان بکەن.
پڕۆژەی هاموون سیتی بە دووری سێ کیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری کۆیە و لە رێگەی نێوان کۆیە دووکانە، ساڵی 2009 دەستکراوە بە پڕۆژەکە و بڕیاربووە ساڵی 2013 تەواوبکرێت و بدرێت بە هاڵاتیان، بەڵام هەر تەواو نەکراوە و لە 2017ـەوە هاوڵاتیان خۆیان چونەتە ناو خانوەکانی پڕۆژەکە و دەستیان کردووە بە تەواوکردنی خانووەکان و خەرجیەکی زۆریان لێکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح