وەزارەتى پەروەردەى عێراق

لە کتێبێکى نوێدا؛بەهیچ شێوەیەک باسى ئەو تاوانانە نەکراون کە بەعس دژى کورد ئەنجامیداوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لەکاتێکدا زۆرینەى تاوانەکانى رژێمى بەعسى رووخاو دژ بە گەلى کورد بووە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی عێراق کتێبێکی نوێی بە ناونیشانی “تاوانەکانی حزبی بەعسی لەناوچوو” (جرائم حزب البعث البائد) خستووەتە نێو پرۆگرامی خوێندنی پۆلی چواری ئامادەیی، بەڵام چالاکوانێکی بواری ئەنفال و جینۆساید رەخنەی ئەوەی لێدەگرێت کە تێیدا تاوانەکانی دژ بە گەلی کورد وەک ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و وێرانکردنی هەزاران گوند، پشتگوێ خراون.

کاروان شەهید عەدۆ، کە کوڕە شەهید و چالاکوانێکی دیاری بواری ئەنفال و جینۆسایدە، بە 964ی راگەیاند کە ئەم کتێبە نوێیە لەمساڵەوە خراوەتە بەردەستی قوتابیان و لە 96 لاپەڕە پێکهاتووە، بەڵام جێگەی داخە کە تەنها لە یەک لاپەڕەدا و زۆر بە کورتی باس لە راپەڕینی ساڵی 1991 کراوە و هیچ ئاماژەیەکی شایستە بەو کارەسات و نەهامەتیانە نەکراوە کە بەسەر گەلی کوردا هاتوون.

بە وتەی کاروان عەدۆ، کتێبەکە زۆرتر جەختی لەسەر ئەو تاوانانە کردووەتەوە کە بەرامبەر بە پێکهاتەی شیعە ئەنجامدراون، ئەو وتی: “راستە ئەوانیش قوربانیی زۆریان داوە و تاوانی گەورەیان بەرامبەر کراوە، بەڵام قوربانییەکانی کورد هیچی لەوان کەمتر نییە، بەڵکو زیاتریشە.”

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کتێبەکەدا ناوی هیچ کام لە نووسەران، دیزاینەران و هەڵەچنەکانی نەهاتووە، ئەمەش جێگەی پرسیارە.

کاروان عەدۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی: “وەک کوڕە شەهیدێک، کاتێک ئەم کتێبەم بینی زۆر دڵگران بووم، پێویستە کاری جددی لەسەر بکرێت و چالاکی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بەم شێوەیە تێنەپەڕێت.”

داواش لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق دروست بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گونجاندنی تاوانەکانی دژ بە کورد لەم پرۆگرامەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

تاوانەکانی بەعس خراونه‌تە ناو پرۆگرامی خوێندنی ئه‌مس...

تاوانەکانی بەعس خراونه‌تە ناو پرۆگرامی خوێندنی ئه‌مساڵى ئامادەیی