ئاسایبوونەوەی گەشتی تورکیا بۆ سلێمانی - وێنە: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
هێڵەکان زیاد دەبن
مانگی ئازار گەشتی تورکیا و سلێمانی دەبێت بە رۆژانە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆ کرانەوەی گەشتەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دانراوە، تا مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو لەگەڵ زیادبوونی هێڵەکانی فڕۆکەوانی، گەشتی نێوان تورکیا و سلێمانی دەبێ بە رۆژانە.
ئێستا، بە گوێرەی خشتەی گەشتەکان، هەفتانە چوار گەشت لەنێوان سلێمانی و ئیستانبوڵ ئەنجامدەدرێن، ئەویش تورکیش ئێرلاینە.
رێباز محەمەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بەوەکالەت، لە کۆگرەیەکی رۆژنامەوانی کە پەیامنێری 964 ئامادەی بوو ئاماژەی بەوەکرد، تا مانگی ئازار ژمارەی گەشتەکان لەگەڵ تورکیا دەبێت بە رۆژانە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو پلانەی لەبارەی ئاسایبوونەوە و جموجوڵی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و تورکیا دانراوە.
ئێستا ئاسمانی تورکیا بەڕووی سلێمانیدا کراوەتەوە، تورکیش ئێرلاین یەکەم هێڵە و لە ئایندەیەکی نزیک هێڵێکی دیکە بە تێچوویەکی کەمتر گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا وەردەگرێت، رێباز محەمەد وای وت.
فڕۆکەخانەی سلێمانی گرنگییەکی زۆری لەڕووی گەشتیاری، ئابوری و بازرگانییەوە هەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتی راستەوخۆمان بۆ ئەوروپا دەبێت، ئەوە لە حاڵێکدا قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەى سلێمانى، 35%ـى چالاکییە گەشتیارى و بازرگانییەکانى پەکخستبوو.
هەر دوێنێ، سلیڤان رەفیق کە خاوەن نوسینگەیەکى گەشتیارییە لە سلێمانی بە 964ـى وت، دەستپێکردنەوەى گەشتەکان جموجۆڵى خستووەتە بازاڕ و بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى تکت، بەشێوەیەک بەهۆى خواست لەسەرى تکتی یەک سەرى نێوان سلێمانى و تورکیا لە رۆژانى 3 و 4ـى ئەم مانگە تا 365 دۆلار بەرز بووەتەوە.