ئەڵمانیا بە دیپۆرتکردنەوە کەوتووەتە گیانی پەنابەرانی کورد
کار گەیشتووەتە ئەوەی رۆڵە و دایک و باوک لە یەکتر دووربخرێنەوە
964+
باخان تۆفیق
لە 28ی مانگی رابردوو لە نیوە شەودا پۆلیسی ئەڵمانیا لە هەرێمی زاکسن هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی چەند پەنابەرێک و پێی وتوون، “دەی خۆتان کۆبکەنەوە دەچین بۆ فڕۆکەخانە”.
هەر ئەو کاتەی شەو 27 کەسیان دیپۆرت کردووەتەوە و 26 کەسیان بە نەتەوە کوردن و یەک دانەیان بە نەتەوە عەرەبە.
یەکێک لە کەسوکاری پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بە ناوی سازڤان کامەران لە زاکسنەوە بە 964ی وت، “زۆر پەریشانم لە دووری دایکم و باوکم و براکەم هەر سێکیان دیپۆرتکراون و منیش لێرەم یەک کێشەمان نەبووە و خۆشمان نازانین بۆ دیپۆرتکراونەتەوە و راستەوخۆ ناردوویانن بۆ بەغدا، کە پۆلیسەکان هاتن بڕیاری دادگایان پێ نەبووە و ئێستاش تێنەگەشتین بابەتەکە چییە”.
وەک خۆی باسی دەکات، “لەناو رای گشتیی ئەڵمانیا دژبەری ئەم بڕیارە هەیە و دەوترێ ئەمە دژی مافی خێزان و مافی مرۆڤیشە و لایەنی حکومەتی ئەڵمانیاش هیچ روونکردنەوەیەکمان پێ نادەن”.
لە خەمی سۆراغی ئەو بابەتە، وەک 964ی پەیوەندیمان بە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کرد و لە وەڵامدا وتی: “ببورە من ئاگاداری ئەو بابەتە نیم”.
جگە لەم خێزانە لە ماوەی ئەمساڵدا ژمارەیەکی تر لە پەنابەر لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەنووسیان نادیارە، کە ئاخۆ دەگەڕێنەوە ئەڵمانیا یاخود بۆ هەمیشە دەرووی ئەم وڵاتە بە روویاندا دادەخرێت.