هەڵواسینى فلێکس و پۆستەرەکانی هەڵبژاردن لەسەر رووبەرى سەوزایى شەقامى 60 مەترى هەولێر - وێنە؛ ئەرشیفی 964+
پۆستەری 30 مەتری دروست کراوە
هێشتا بازاڕی فلێکس و پۆستەر ماوە
964+
دەشتی عارف
تەنیا نۆ رۆژماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام هێشتا کاندید و لایەنە حیزبییەکان دەستیان لە کڕینی فلێکس و پۆستەر هەڵنەگرتووە و هێشتا دەیکڕن.
عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان بە 964ـی وت، لەئێستادا %90 کڕینی فلێکس و پۆستەر کەمی کردووە، بەڵام هێشتا ئیشی چاپکردن ماوە و ئەو فلێکسانەی کە دڕاون نوێ دەکرێتەوە و کاندیدەکان دێن و فلێکسی تازە دەبەن و لە شوێنی فلێکسە دڕاوەکانی دایدەنێنەوە.
وتیشی، هەموو بانگەشەیەک جیاوازی هەیە لە بانگەشەی پێش خۆی، بۆ ئەمجارەش کوالێتی و شێوازی فلێکسەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و قەبارەشیان گەورەتر بووە، بۆ ئەمساڵیش فلێکسی سێ بە شەش مەتر دروست کراوە کە گەورەترین فلێکس بووە، فلێکسی واش دروست کراوە کە لە باڵەخانەوە هاتووەتەوە خوارەوە و درێژییەکەی 30 مەتر بووە.
11.11.2025، کە دەکاتەوە رۆژی سێ شەممە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەدەچێت و چاپخانەکانیش زۆرترین کارییان کردووە لەم بانگەشەیەدا کە ژمارەیان 6هەزار و 464 شوێنی چاپکردنن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی