بە پارچە دەیفرۆشێت
فرۆشیارێکى پارچەى یەدەگ: ئۆتۆمبێلى کیلۆمەتر سفر سکڕاب دەکات
964+
رێباز خدر- هەولێر
بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید، بەتایبەتی ئۆتۆمبێلی جۆری BYD، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، فرۆشیارانی پارچەی یەدەگ رێگایەکی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی پارچەی ئەم ئۆتۆمبێلانە، هەندێک لە فرۆشیاران ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر دەکڕن و پارچە پارچەی دەکەن بۆ فرۆشتن.
مستەفا عەبدولکەریم، فرۆشیارێکی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە لە پیشەسازیی باشووری هەولێر، بە 964ـی راگەیاند، “دوای ئەوەی بینیمان رێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی BYD لە بازاڕەکاندایە، بەڵام پارچەی یەدەگی کەمە، بیرمان لەوە کردەوە کە ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر بکڕین و بیکەینە سکراب، پاشان بە نرخێکی گونجاو و بە هەمان کوالێتیی رەسەن بیدەینەوە بە کڕیاران.”
ئەم دیاردەیە لە کاتێکدایە کە ئۆتۆمبێلە چینییەکان، بەهۆی هەرزانیی نرخ و تایبەتمەندییە زۆرەکانیانەوە، بازاڕێکی گەورەیان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ خۆیان دروست کردووە، ئەمەش واى کردووە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندا بێت.
مستەفا دەشڵێت، “ئێمە ئۆتۆمبێلەکە بە ساغی رادەگرین، کاتێک کڕیار دێت و پێویستی بە هەر پارچەیەک بێت، چ لەناوەوە یان لە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە، ئێمە بۆی لێدەکەینەوە و بۆی ئامادە دەکەین.”
هاوژین سەربەست، یەکێکە لەو کڕیارانەی کە بۆ پارچەی رەسەن سەردانی ئەو فرۆشیارانە دەکات، ئەو بە 964ـی وت:”ئۆتۆمبێلەکەم تووشی پێکدادان بووە و یەکێک لە دەرگاکانم زیانی بەرکەوتووە، دەمەوێت هەمان پارچەی رەسەنی بۆ دابنێمەوە، ئەمەش تەنیا لە ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەترەوە دەست دەکەوێت، چونکە هەمان کوالێتیی هەیە.”
خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش وای کردووە کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆریان لێ بفرۆشرێت و بخرێنە سەر شەقامەکان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح