هێزی پۆلیسی عێراق
پلانی ئەمنیی عێراق
لە رۆژی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ نابێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاری پلانی ئەمنی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، و دووپاتیکردەوە کە لە رۆژی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆی نابێت و بڕیارەکەش لە ئەستۆی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکاندایە.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ئەمڕۆ شەممە 1.11.2025 عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، “هەموو رێکارەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەزارەت بەشداریی دەکات لە دەستەبەرکردنی حەوت هەزار و 47 ناوەندی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی گشتی و نزیکەی 598 سەنتەری دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت”.
روونیشیکردەوە، “نۆ هەزار و 932 ئەفسەر بەشداریی دەکەن لە دابینكردنی ناوەندەکانی دەنگدان، هاوکات کۆی ژمارەی ئەو کارمەندانەی بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی هەڵبژاردن 185 هەزار و 162 پۆلیس و ئەفسەرن”.
میری وتی، “پلانی هەڵبژاردن جێگیرکردنی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئاستی ئامادەباشی (ج)دا دەبێت”.
میری ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەتەکە هیچ سەرپێچییەکی تۆمارنەکردووە کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەکخستبێت”.
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، رۆژی 9ی مانگیش دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت.