لەلایەن بەڕێوەبەرى زیندانەکەوە

هەواڵى لێبوردنى گشتى بۆ تاوانبارانى سپایکەر بەدرۆ دەخرێتەوە

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەری زیندانی ناوەندیی ناسریە، ئەو نووسراوەی بە “ساختە” ناوبرد کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ژمارەیەک لە سزادراوانی تاوانی سپایکەر بە یاسای لێبوردنى گشتی ئازاد دەکرێن.

حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری زیندانی ناسریە لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی 964 نێردراوە، تێیدا هاتووە،”ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراوەتەوە و گوایە ژمارەیەک لە تاوانبارانى سپایکەر ئازاد دەکرێن، ساختەیە و دوو بڕگەی ‘سزادراوان بە تاوانی سپایکەر’ و ‘کەوتنەبەر یاسای لێخۆشبوونی گشتی’ بۆ زیادکراوە”.

جەختى لەوەشکردووەتەوە کە نوسراوەکە پەیوەندییەکی بە هیچ نووسراوێکی فەرمی دەرچوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە نییە.

روونیشى کردووەتەوە کە ناردنی سزادراوان بۆ دادگاکان بەمەبەستی دووبارە دادگاییکردنەوەیان بەپێی یاسای لێخۆشبوون، رێکارێکی یاسایی ئاساییە و بە مانای ئازادکردن یان شمولکردنیان بە یاساکە نایەت.

بەڕێوەبەری زیندانەکە دڵنیایی دا کە ئەو سزادراوانەی ئاماژەیان پێکراوە ئازاد نەکراون و هێشتا لە زینداندان.

رووداوی سپایکەر چۆن روویدا؟

رووداوی سپایکەر لەنێوان 12 تا 15ی حوزەیرانی 2014 روویدا لە کاتێکدا سەربازگەی فیرقەی 18 لە شاری تکریت کە خوێندکارانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لەوێ دەیانخوێند، کەوتە دەست چەکدارانی رێکخراوی داعش، بەگوێرەی داتای حکومەتی عێراق بێت ئەوانەی ئەو رۆژە کوژران ژمارەیان هەزار و 700 خوێندکار بووە، بەڵام سەرۆکی دادگای رەسافە دەڵێت ژمارەیان سێ هەزار خوێندکار بووە، بەشێوەیەکی دڕندانە بەدەست و چاوی بەستراوەوە کوژران و فڕێدرانە رووباری دیجلە.

بەهۆی رووداوی سپایکەر 101 کەس سزای لە سێدارەدانیان بۆ دە...

بەهۆی رووداوی سپایکەر 101 کەس سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە