دیمەنی ناوەندی شاری هەولێر - وێنە: 964
"نزیکەی 3800 موەلیدە کوژاونەتەوە"
ئومێد خۆشناو: 100٪ـی ژینگەی هەولێر پاکبووەتەوە
964+
شۆڕش قادری
بەقسەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە کوژاندنەوەی نزیکەی سێ هەزار و 800 موەلیدە و داخستنی 84 پاڵاوگە، ژینگەی پایتەخت 100٪ پاکبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 28.10.2025 ئومێد خۆشناو و نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندی هەولێر، لەگەڵ لیژنەی کوالێتی هەوا لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئومێد خۆشناو وتوویەتی، “لە ماوەی رابردوودا، جگە لە داخستنی 84 پاڵاوگە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ خاوەنەکانیان، سێ هەزار و 776 موەلیدە بەهۆی پڕۆژەی رووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری کوژێنراونەتەوە کە رۆژانە 35 تا 40 هەزار بەرمیل گازیان دەسووتاند، ئەوەش کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە و دیراساتە زانستیانەی ئەنجام دراون، دەرکەوتووە کە بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە، 100٪ـی ژینگەی پایەتەخت پاکبووەتەوە.
ئومێد خۆشناو راشیگەیاندووە، تێکدانی سەدان شوێن کە بە ئاوی پیس سەوزەیان ئاودەدا، پابەندکردنی کارگەکان بەدانانی فلتەر و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتومبێلانەی ببوونەهۆی پیسبوونی ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی، هەموو ئەوانە بەیەکەوە هۆکار بوونە بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی شار، لەداهاتووشدا بەهۆی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پاکتر دەبێتەوە.