"رێژەی کۆچ روولە هەڵکشانە"

لەم مانگەدا زیاتر لە شەش هەزار و 600 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا

964+

شۆڕش قادری

تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە شەش هەزار و 600 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا و ژمارەکەش بەردەوام روولە هەڵکشانە.

ماردین حەمید بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە 964ـی وت، “لە چەند رۆژی رابردوودا 917 کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا و بەوەش کۆی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەم مانگەدا لەڕێی دەریاوە خۆیان گەیاندووەتەوە ئەو وڵاتە، گەیشتووەتە شەش هەزار و 648 کەس، لەکاتێکدا ئاماری ساڵی رابردوو لە هەمان مانگدا پێنج هەزار و 722 کۆچبەر بووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 57 هەزار و 800 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لەو ژمارەیەش 17 هەزار و 405 کەسیان بەنگڵادیشین، خەڵکی وڵاتانی ئێران و سوریا و ئەفغانستان و پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکەشیان تێدایە کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

هەر ئەمڕۆ بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەر گەڕاوەکانی کوردستان بە 964ـی وت، “لە تازەترین رووداودا پۆلیسی دەریاوانی لیبیا تەرمی ژمارەیەک کۆچبەریان لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دەرهێناوەتەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 28.10.2025 بەلەمەکەیان ژێر ئاو کەوتووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆچبەرانە کوردیان تێدا نەبووە و ویستوویانە لەڕێی دەریاوە خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا.

"لە ئاوەکانی ئیتاڵیا هیچ کۆچبەرێکی کورد نوقم نەبووە"

گەنجێکی کورد لە ئیتاڵیا بێ سۆراغە

گەنجێکی کورد لە ئیتاڵیا بێ سۆراغە