3000 پارچە جل بێبەرامبەر دابەش دەکرێن

هەژار و کەمدەرامەتەکانی چەمچەماڵ پۆشتە دەکرێن

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

3000 هەزار پارچە جل بەسەر کەمدەرامەت و خاوەن پیداویستییەکانی چەمچەماڵدا دابەش دەکرێت. هەڵمەتەکە 10000 هەزار پارچەیە و پشکی چەمچەماڵ ئەوەندەیە.

دابەشکردنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 1.3.2023 لە لایەن رێکخراوی پەنای کارەوە ئەنجام دراوە، دابەشکردنەکەش لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی چەمچەماڵەوە دەکرێت.

ئاسۆ شێخ محەمەد، بەرپرسی رێکخراوەکە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: “جلوبەرگەکان هی هەموو تەمەن و رەگەزێکن و سەرجەمیان بێبەرامبەر دابەش دەکرێن، بەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.

“10000 پارچەمان هەبووە و چەمچەماڵ کۆتا شوێنە، بەڵام ناوەستین و بەردەوام دەبین”، ئاسۆ شێخ محەمەد وای وت.

رێکخراوی پەنای کار ساڵی 2019  دامەزراوە و ئەرکی داکۆکیکردن بووە لە کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکان، بەڵام  لەدوای سەرهەڵدانی کۆڤید19ـەوە  دەستیان بە بەکاری خێرخوازی و کەمپینی جلدابەشکردن کردووە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد