بە هاوكاری وەزارەتی پلاندانی عێراق
دوو قوتابخانە و دوو بنکەی تەندروستی لە سرێشمە و هاودیان کرانەوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە سنووری ئیدارەی سۆران دوو بنکەی تەندروستی و دوو قوتابخانە کرانەوە، کە لەلایەن سندوقی کۆمەڵایەتیی وەزارەتی پلاندانی عێراق پارەکەیان بۆ تەرخان کرابوو.
هەردوو شوێنەکە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانن و پێویستیان بە قوتابخانە و بنکەی تەندروستی هەبوو، بە کردنەوەی ئەو پرۆژانە ئیتر دانیشتووانەکەی دەحەسێنەوە.
حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە 964ـی وت، دوو قوتابخانەکە 935 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ تەرخان کرابوو، هەرچی بنکە تەندروستییەکانن 890 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کرابوو.
لەسەر کردنەوەی پڕۆژەکان، ئیبراهیم عومەر، بەرپرسی لقی هەولێری، سندوقی کۆمەڵایەتی، بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ لە سرێشمە قوتابخانەیەکی شەش پۆلیمان كردەوە لەگەڵ بنکەیەکی تەندروستی، بە هەمان شێوە لە گوندی هاودیانیش دەكرێنەوە، لەگەڵ دابینکردنی هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانیان”.
وتیشی، هەر لە سنووری سۆران پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستیمان هەیە لە گوندی دێلزیان و لە گوندی هۆستانی دەڤەری بارزانیش قوتابخانەیەکی تر دروست دەکەین.
سندوقی پەرەپێدان، پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییە، لە نێوان وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بانکێکی بیانی، پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گوندەکان ئەنجام دەدەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا