ئاشێکی کۆن لە زاخۆ
70 ساڵە ئەو ئاشەیان هەیە و ئێستا بازاڕیان نەماوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
پیشە کۆنە رەسەنەکان تا ئێستا کەم تا زۆر ماون و خەڵکانێک بەردەوامن لە کارکردن، بەڵام خەریکە وردە وردە کاڵ دەبنەوە و ئەوانەشی کار دەکەن ساردبوونەتەوە، بە نمونە گەنجکی زاخۆ لە ئاشکەی باکیی کاردەکات کە تەمەنی 70 ساڵە و دەڵێت بازاڕیان لاوازە.
کەرەم فەرسەت ساڵانێکە لە ئاشەکەی باوباپیرانی کار دەکات و گەنم و برنج دەهاڕێت، ئێستا بڕیاری داوە کار وا بڕوات واز لە پیشە 70 ساڵانەکەی باب و باپیرانی بهێنێت.
ئەو بۆ 964 دەڵێت، خەڵک وەک جاران نایەن بۆ ئاش و پیشەکە وەک جاران رەواجی نەماوە، منیش ماوەیەکی دیکە بەردەوام دەبم و ئەگەر هەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ناچارم واز لەم پیشە 70 ساڵانیەم بهێنم کە لە باوک و باپیرمەوە بۆم ماوەتەوە.
لەساڵی 1956 باپیری کەرەم، عەبدوڵای دنیا دیدە دەچێتە ناوچەی هەورێز و لەوێ ئامێری هاڕینی گەنم دەکڕێت و دەیهێنێتەوە بۆ زاخۆ، تا ئەمرۆش کەرەم بەو ئامێرەی باپیری گەنمی خەڵک دەکات بە ئارد و ساوەر.
پێداچوونەوە: توانا نەقی