هی جهنگی ههشت ساڵهیانه
عێراق و ئێران بهردهوامن له گهڕان بەدوای 52 هەزار سەربازی ونبوویان
964+
فهرهاد حهسهن
عێراق و ئێران، بە سەرپەرشتی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، له ههوڵهكانیان بهردهوامن بۆ گەڕان بەدوای ونبوانی جەنگی ههشت ساڵهى نێوانیان، چونكه دهڵێن تاوهكو ئێستا چارهنووسی 52 ههزار سهربازیان نادیاره.
هابە عەدنان، وتەبێژی فەرمیی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور لە عێراق بە رۆژنامەی “الصباح”ـی فەرمی رایگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی روفات لە نێوان عێراق و ئێران بەپێی میکانیزمێکی سێقۆڵی ئەنجام دەدرێت کە لە ساڵی 2008 ـهوه بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە جنێف واژۆ کراوه.
یاداشتهكه، لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتییەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت، بە ئامانجی هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ونبووان و گەڕاندنەوەی روفاتەکانیان بۆ کەسوکاریان.
دهشڵێت “لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوولا بە شێوەیەکی خولی گەڕانی مەیدانی ئەنجامدەدەن و روفاتی مرۆیی قوربانیانی جەنگ دەدۆزرێتەوە”.
ئاماژهى بهوهشكردووه، دوای تەواوکردنی رێکارە یاسایی و هونەرییە پێویستەکان و دڵنیابونەوە لە ناسنامەیان، پرۆسەی رادەستکردنی فەرمی بە سەرپەرشتی لیژنەی نێودەوڵەتی رێکدەخرێت و لە کاتی خۆیدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رادەگەیەنرێت.
بهقسهى ئهم بهرپرسهى خاچی سوور، دوایین پرۆسەی ئاڵوگۆڕ لە 5.10.2025 ئەنجامدرا، کاتێک روفاتی 70 سەربازی عێراقی و 48 سەربازی ئێرانی دوای پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەیان و تەواوکردنی هەمو رێکارە هونەری و یاساییە داواکراوەکان رادەست کران.
لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، لە ساڵی 2010ـەوە ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتر لە پینج هەزار و 300 روفاتی مرۆیی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، لەکاتێکدا لیژنەی سێقۆڵی، کە ئەوان سەرۆکایەتی دەکەن، بەردەوامە لە هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی لەگەڵ لیژنە نیشتمانییەکان لە عێراق و ئێران بۆ دیاریکردنی چارەنوسی هەموو ونبووان و پێشکەشکردنی وەڵام بۆ ئەو خێزانانەی کە دەیان ساڵە چاوەڕێی زانینی چارەنوسی خۆشەویستانیانن.
خاچی سور یهكلایهنه، لە رووی هونەری و لۆجستییەوە پشتگیری دەسەڵاتدارانی عێراق دهكات، لە رێگەی راهێنانی تیمە پسپۆڕەکان و دابینکردنی کەرەستەی مەیدانی بۆیان و بەهێزکردنی تواناکانی دامەزراوەییەکانیان، بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات لە ئەنجامدانی پرۆسەکانی گەڕان و هەڵگرتنەوە بەپێی پێوەرە مرۆیی و زانستییە پەسەندکراوە نێودەوڵەتییەکان.