عێراق رزگار دەکات یان تێکی دەدات؟
نهێنییەکانی مارک ساڤایا نێردراوە نوێیەکەی ترەمپ
+964
ژووری هەواڵ
مارک ساڤایا، ئەو پیاوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا دەست و چاوو زمانی ترەمپ دەبێت لە عێراقدا و دەشێت کۆی هاوکێشەکە لێرەو لەلای دەرودراوسێ بگۆڕێت.
ئەوەی لەسەر ساڤایا باسکرا ئەوەیە بازرگانێکی دیاری حەشیشە، بەڵام کەم کەس ئەوە دەزانێت ساڤایا بە هەمان دەستووری کاریگەری حەشیشە سیاسەت دەکات، سیاسەتی نەرم، بەڵام بێهۆشکەر.
مارک کەسایەتیەکی ناسراوە لە کۆمەڵگەی بازرگانی کلدانی عێراقی لە ولایەتی میشیگان، دەستنیشان کردنی ساڤایا ئەو بۆچوونە دووپات دەکاتەوە کە ترەمپ متمانەی بە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوە نییە کە سەدەیەکە بەمۆڵگەی دەوڵەتی قووڵی حیزبی دیموکرات دادەنرێت.
دامەزراندنەکە دوو ئامانجی ترەمپ دووپات دەکاتەوە. چالاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەروەها نزیکبوونەوە لە کۆمەڵگە عەرەب و موسڵمانەکانی ئەمەریکا کە کاریگەرییان هەبووە لە یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی 2024 دا.
باکگراوندە کلدانیەکەی ساڤایا کە بەشێکە لە مەسیحیەکانی عێراق لە ئەمریکا، چینێک لە رەسەنایەتی دەبەخشێت کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کۆمەڵایەتی و کەلتووری لە کاتێکدا کە لەسەردەمی ترەمپدا پەیوەندی ئەمریکا لە بەغدا بۆ کەناڵە سەربازی و ئەمنییەکان تەسک بووەتەوە.
لە ئاستی ستراتیژیدا، دووبارە گورزێکە لە وەزارەتی دەرەوە، هاتنی ساڤایا ئاماژەیە بۆ پشت بەستن بە هێزە نەرمەکان کە هێزی ئابووری و بازرگانییە، بەتایبەتی ساڤیا هیچ باکگراوندێکی سەربازی یان ئەمنی یان دیپلۆماسی نییە، ئەو بەرجەستەی ئەوە دەکات کە ترەمپ ئەم جۆرەی لە هێزی رەقی سەربازی و ئەمنی لا پەسەند ترە.
پێشبینی دەکرێت ساڤایا مۆدێلێکی دیپلۆماسی ئابووری پێشبخات کە جەخت لەسەر وەبەرهێنانی تایبەت و هاوبەشی ئاوەدانکردنەوە و ئاسانکاری ژێرخانی ئابووری دەکاتەوە نەک بڵاوکردنەوەی هێز یان مەرجی یارمەتی. پرۆفایلی دارایی عێراق هەم دەرفەت و هەم بەربەست دەڕەخسێنێت: بانکی جیهانی مەزەندە دەکات کە نزیکەی سێ لەسەر چواری بودجەی نیشتمانی لە خەرجیەکانی کارپێکردن خەرجدەکرێت بەتایبەتی بۆ مووچە و وەگەڕخستنی حکومەت و هیچی وا نەماوە بۆ وەبەرهێنان و پلانی ستراتیژی.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بۆچوونە مەترسی تێدایە، ئەوانەی شارەزای دیپلۆماتکاری و وەزارەتی دەرەوە و سیاسەتی دەرەوەیان هەیە دەزانن کە رۆڵی “نێردراوی تایبەت” زۆرجار بەرپرسیارێتی لێڵ دەکات و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاڵۆزتر دەکات.
بەبێ فەرمانێکی روون و ئاشکرا، ساڤایا دەتوانێ ببێتە گفتوگۆکارێکی دابڕاو تاکڕەو کە دەستپێشخەرییەکانی بەدواداچوونی دامەزراوەیی نابێت.
بە کورت و کرمانجی بە نەمانی، بریارەکانی سەردەمی خۆی کاری پێناکرێت و پەیوەندییەکانی هیچی لێ سەوزنابێت. هەروەها مێژو وەبیرماندەهێنێتەوە ، برێت مەکگۆرک لە سەردەمی ئۆباماداو هەر نێردراوێک کە زۆر بە ئاشکرا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی لایەنێکی پارتیزانی ئەمەریکا هاوتەریب بێت لەوانەیە رووبەڕووی گومان ببێتەوە لە لایەن کوتلە شیعەکان و تۆڕە نیمچە سەربازییەکانی عێراق.
ساڤایا کارێکتەرێکی ناسراوی هەڵمەتی ترەمپ بوو لە میشیگان، لەوانەیە قبووڵکردنی لەلایەن کۆڕبەندی سیاسی لە بەغدا سنوورداربێت.
بە کورتی، دەستنیشانکردنی ساڤایا تاقیکردنەوەیەکە لە هەمبەر گواستنەوەی هێزی سەربازی بۆ هێزی نەرم.