زۆر شتیان گۆڕى
بانگەشەى حیزبە شێتەکان
964+
وریا فەتاح
بانگەشە گەرمە و هەرچى راست دەبێتەوە بەڵێنى قەبە و گەورە و خەیاڵى بە خەڵک دەدات، بەڵام تائێستا بینیوتانە کاندیدێک یان لایەنێک شتەکە بە فشە بگرێت و بەڵێن و بانگەشەى شێتانە بکات؟.
بێگومان لێرە شتى لەو شێوەیەمان نییە، بەڵام لە بەریتانیا، حیزبێک هەیە بەناوى “شێتە ترسناکەکان”، ساڵى 1982 دامەزراوە، ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە گاڵتەکردن بە سیاسەت لە بەریتانیا.
جا لاى خۆمان ئەندامێتى لە حزب لەسەر بنەماى ئەوەیە تەعینت بکات یان چوزانم سەرچاوەى دارایت مسۆگەر بکات، بەڵام ئەندامێتی لە حزبى شێتە ترسناکەکان بە ئابونەیە، واتا ئەگەر ببیتە ئەندام دەبێت ساڵانە 15 پاوەند بدەیت، یەکێک لە ئەندامە ناسراوەکانیان زاناى فەلەکناسى بەریتانى سێر پاتریک مۆر بوو، ئەو لەبارەى حزبەکەوە وتبوو،”سودى حزبە شێتەکان ئەوەیە، ئەوان دەزانن شێتن بەڵام حزبەکانى تر وا دەزانن عاقڵن”.
ئەوان بەوە ناسراون لە هەڵبژاردن بەڵێنى جیاواز و شێتانە دەدەن، ئەمانە بەشێکن لە بەڵێنەکان:
• کەمکردنەوەی ماوەی دووگیانی لە ٩ مانگەوە بۆ ٧ مانگ، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی نەخۆشخانەکان.
• دانانی تایەى گەورە لەژێر پەرلەماندا تا بە وڵاتدا بسوڕێتەوە و خەڵک لە نزیکەوە ئاگاداری کارەکانیان بن.
• بۆیاخکردنی نیوەی سمۆرە خۆڵەمێشییەکان بە ڕەنگی سوور بۆ زیادکردنی ژمارەی سمۆرە سوورەکان.
سەرەڕای ئەم گاڵتەجاڕییە، حیزبی شێتە ترسناکەکان کاریگەرییەکی چاوەڕواننەکراوی هەبووە. هەندێک لەو بیرۆکە “شێتانە”ی لەلایەن ئەوانەوە پێشکەشکران، دواتر بوون بە بەشێک لە یاسای بەریتانیا.
بۆنمونە ئەمە بەشێک لە دەستکەوتەکانیانن:
• مافی دەنگدان لە تەمەنی 18 ساڵیدا (پێشتر 21 ساڵ بوو).
• کردنەوەی مەیخانەکان بە درێژایی ڕۆژ.
• پاسپۆرت بۆ ئاژەڵە ماڵییەکان.
• ڕێگەدان بە ڕادیۆی بازرگانی.
هەرچەندە ئەم حیزبە هەرگیز کورسی پەرلەمانی بەدەست نەهێناوە، بەڵام چەندین جار توانیویەتی لە هەڵبژاردنە لاوەکییەکاندا دەنگی زیاتر لە حیزبە بچووکەکانی تر بەدەست بهێنێت .
ئەمانە ئەنجامى بەشێک لە دەنگەکانیانن: زۆرترین دەنگ کە ئەو حزبە بەدەستى هێنابێت ساڵى 2019 بوو کە 9 هەزار و 700 قسور دەنگ بوو
ئەوان، ئامانجیان بردنەوە نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامێکە: سیاسەت پێویست ناکات هەمیشە شتێکی وشک و بێزارکەر بێت. وەک خۆیان دەڵێن: “دەنگ بدەن بە شێتی، چونکە دەزانن عەقڵانییە.”
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا کە سیاسەتمەداران بەڵێنی گۆڕانکاری دەدەن، حیزبی شێتە ترسناکەکان بە سادەیی پێمان دەڵێن کە هەندێک جار، باشترین چارەسەر پێکەنینێکی گەورەیە.