کێشی جانتا باری قورس کردوون
قوتابی هەیە پێنج کیلۆی بە شانەوەیە و جەدوەلیی بۆ دانەنراوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
سۆراغمان کرد و چووین، قوتابی وا هەیە تازە چووەتە ناو پڕۆسەی خوێندن، خۆی کێشی 17 کیلۆیە، بەڵام پێنج کیلۆ کتێب و دەفتەر بە شانیوەیەتی و رۆژانە رێگە دەبڕێ بۆ ئەوەی بگاتە قوتابخانەکەی، زۆرجاریش دایک و باوکیان جانتەکەیان بۆ هەڵدەگرن.
قوتابیانی پۆلی یەكی بنەڕەتی، قورسی كێشی جانتاكانیان ماندوونی كردوون و بەشێك لە قوتابخانەكانیش بەهۆی ئەوەی جەدوەلی رۆژانەیان بۆ قوتابیان دانەناوە، ناچارن هەموو كتێبەكان لەگەڵ خۆیان بۆ قوتابخانە بەرن.
بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، بۆ كەمكردنەوەی كێشی جانتاكانیان، ئەمڕۆ سێشەممە 21.10.2025 گشتاندن بۆ سەرجەم پەروەردەكانی هەرێم دەكەن، نابێت هیچ مامۆستایەك دەفتەر بە قوتابیانی پۆلی یەكی بنەڕەتی دابنێن، چونكە لەناو ئەو پەرتووكەی كە هەیانە لەبری دەفتەرەكانیان كۆراسەی فێركارییان بۆ دانراوە.
پەیامنێری 964، بە مەیدانی سەردانی چەند قوتابخانەیەكی سلێمانی كردووە و لە یەكێك لە قوتابخانەكان جانتای شانی قوتابی پۆلی یەكی بنەڕەتی قوتابی “مەیلی ئاكام” لەسەر كێشانەیەك دەكێشێت و دەردەكەوێت كە جانتاكەی پێنج كیلۆی تەواوە، مەیلی خۆی كێشی حەڤدە كیلۆیە و ناتوانێت بەجانتاكەی شانییەوە رێی ماڵەوە بگرێت، بەناچاری بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆ دەكات.
لەبەشێك لە دیمەنەكانیش دەردەكەوێت، بۆ یارمەتیدانیان دایكان و باوكان جانتای منداڵەكانیان لە كۆڵ ناوە و تاوەكو ئەو بارقورسییە لەسەریان كەم بكەنەوە.
لەبارەی قورسی كێشی جانتای قوتابیانەوە، حەسەن سەرتیپ بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە بە 964ی وت، ئێمە لەپڕۆگرامی تازەی ئەمساڵی خوێندنی 2025-2026 رەچاوی ئەو گرفتەمان كردووە و بۆ كەمكردنەوەی كێشی جانتای قوتابیانی قۆناغی یەكی بنەڕەتی، لەگەڵ پەرتووكەكە كۆراسەی فێركاریمان بۆیان داناوە لەبری دەفتەری فێركاری.
ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە 157 هەزار كۆراسەی بۆ قوتابیان دابینكردووە، بەڵام وەک، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، رەنگە بەشێك لە قوتابخانەكان و مامۆستایان پابەندنەبن و دەفتەریان پێ دانابن، ئەوكاتەش بەدڵنیاییەوە كێشی جانتاكانیان قورس دەبێت.
بۆ كەمكردنەوەی كێشی جانتای قوتابیان 964 کاری خۆی کرد، ئەمڕۆ سێشەممە، لە وەزارەتی پەروەردەوە بڕیار وایە گشتاندن بۆ سەرجەم پەروەردەكانی هەرێمی کوردستان بکرێ، بۆ هەرسێ وانەكانی كوردی، بیركاری و هونەر، نابێت مامۆستایان قوتابیان ناچار بكەن بە هێنانی دەفتەری راهێنان و فێركاری، لەبری ئەوە پابەند دەكرێن كە لەسەر كۆراسە فێركارییەكانی كە بۆیان نێردراوە راهێنان و فێركارییان پێ ئەنجام بدەن.
حەسەن سەرتیپ دەڵێت، لاپەڕەی پەرتوكەكانیان كەمكردووەتەوە بۆ لاپەڕەی 80 گرامی و كۆراسەكانیش بۆ 70 گرامی كە زۆر قەبارەیان کەمترە و لەوە كەمتر ناكرێتەوە، سەرباری ئەوەش لە قۆناغەكانی یەك، دوو و سێی بنەڕەتی سەرجەم وانەكانیان بۆ كردوون بە دوو وەرزی یەكەم و دووەمی خوێندن، وەك چارەسەرێك بۆ كەمكردنەوەی كێشی جانتای قوتابیان.
بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی كە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە پەرتووكەكانمان كردوومانە، گوێمان لەهەمووان گرتووە و فیدباكی قوتابی و دایك و باوكان، قسەی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیشمان بەهەند وەرگرتووە، نازانم لەوە زیاتر چی بكەین، پرسیار بكەن لەتەواوی جیهاندا هیچ وڵاتێك نادۆزیتەوە پڕۆگرامی خوێندنی لەو ستانداردەی ئێمە سەركەوتووتر بێت، حەسەن سەرتیپ وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا