لە بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ بازرگانان

بڕیار دراو دەبێ هەر پسووڵەیەکی بازرگانی 11 رێنوێنی لەسەر بێ

964+

ئەحمەد مستەفا

بانکی ناوەندیی عێراق 11 رێنمایی نوێی بۆ مامەڵەکانی گومرگی و دارایی دەرکرد و پەسەندکردنی پسوڵەکان لە پرۆسەکانی گواستنەوەی دارایی و پاکتاوکردنی گومرگی لە 1.11.2025 ەوە دەست پێدەکات.

بانکی ناوەندیی عێراق، بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی سیستەمی گومرگی و چاودێریکردنی زیاتری مامەڵەی دارایی نێودەوڵەتی، کۆمەڵێک ڕێنوێنیی نوێی دەرکردووە.

بەگوێرەی رێنوێنییەکانی بانکەکە کە 964 بینوویەتی، لەمەودوا هەر پسووڵەیەکی بازرگانی بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، دەبێت 11 زانیاریی وردی لەسەر بێت، لە وانەش کۆدی هاوئاهەنگیی گومرگیی جیهان (HS Code)، رێنوێنییەکانیش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێن.

رۆژی 14.10.2025 عەلی موحسین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەت پێدراوەکانی عێراق کرد. لە گشتاندنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەتی دارایی/دەستەی گشتیی گومرگەکان سەبارەت بە پرۆژەی نیشتمانیی بەئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی گومرگەکان، بە ژمارە (58/18س/5856) لە 02-09-2025 و گشتاندنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە “569” بۆ ساڵی 2025، هەروەها بە پشتبەستن بە گشتاندنی خۆیان ژمارە (952/س/46) لە 20-08-2025 بڕیارەکانیان داوە.

بڕیارەکان ئەمانەن:
یەکەم: پسوولە بازرگانیی پێویست بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، دەبێت ئەم زانیارییانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت:
1. ڕێکەوت و ژمارەی پسوولە.
2. مەرجەکانی پارەدان.
3. مەرجەکانی گواستنەوەی بار.
4. نرخ و دراوی پسوولە.
5. کۆدی هاوئاهەنگیی گومرگیی جیهانی (کە نابێت لە شەش ژمارە کەمتر بێت).
6. ناونیشانی هاوردەکار و هەناردەکار.
7. ناساندنێکی وردی کاڵاکان.
8. وڵاتی بەرهەمهێنەری کاڵاکان.
9. مارکەی بازرگانی.
10. بڕ و یەکەی پێوان.
11. نرخی یەکە و کۆی گشتیی نرخ.
دووەم: پەسەندکردنی ئەم جۆرە پسوولانە:
– پسوولەی بازرگانیی کۆتایی.
– پسوولەی سەرەتایی لەگەڵ گرێبەستی کڕین، بە مەرجێک پسوولەی کۆتایی هەموو زانیارییەکانی پسوولەی سەرەتایی لە خۆ بگرێت.
سێیەم: پەسەندکردنی پسوولەکان لە پرۆسەکانی گواستنەوەی دارایی و پاکتاوکردنی گومرگی لە 01-11-2025ەوە دەست پێ دەکات.