"کەمتر لە سەد حاڵەتی لەم شێوەیە لە جیهاندا تۆمارکراوە"
ژنێک لە سۆران سێ گورچیلەی هەیە
964+
ژێوار خدر
حاڵەتێکی زۆر جیاواز و دەگمەن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری سۆران تۆمارکرا، ژنێکی تەمەن 65 ساڵ بەهۆی ئازاری میزەڵدان سەردانی بەشی راوێژکاری گورچیلە و میزەڕۆی کردووە. دوای ئەنجامدانی تیشکی سی تی سکان، دەرکەوتووە کە نەخۆشەکە سێ گورچیلەی هەیە، کە ئەم حاڵەتە لە جیهاندا زۆر دەگمەنە و تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک لەم حاڵەتەیان هەیە.
دکتۆر کاروان مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران دەڵێت، پشکنینەکان ئەوەیان دەرخستووە کە هەر سێ گورچیلەکەی ژنەکە بە تەواوی کاردەکەن و هیچ کێشەیەکی تەندروستیان نییە.
دەشڵێت، بوونی گورچیلەی سێیەم، کە بە “گورچیلەی سەروو ژمارەیی” ناسراوە، ناتەواوییەکی سگماکی زۆر دەگمەنە و کەمتر لە سەد حاڵەتی لە جیهاندا تۆمارکراوە.
باسی لەوەشکردووە، هەرچەندە دەستەواژەی “گورچیلە 3” دەتوانێت ئاماژە بە قۆناغی سێیەمی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) بکات، بەڵام ئەم حاڵەتە جیاوازە لە بوونی سێ گورچیلەی فیزیکی، کاریگەریی ئەم حاڵەتە لەسەر تەندروستی تاک بەندە بە گەشە و کارکردنی گورچیلە زیادەکە، و پێویستی بە چاودێریی پزیشکی هەیە.