زیاتر لە 3 ملیاریان لای حکومەتە
بەڵێندەرەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین تۆراون
964+
ژووری هەواڵ
سنووری ئیدارەی راپەڕین بە گۆڕستانی پڕۆژە تەواونەکراوەکان ناوبانگی دەرکردووە، بەم نازناوەوە نەوەستا و ئێستا هەرچی بەڵنێدەری شارەکەیە کۆڵێ قەرزیان لای حکومەتە، داد و بێدادیانە لەبەر ئەم دۆخە، بەرپرسانی ئیدارەکەش دەڵێن،”بێ پارەیی تەنگی پێ هەڵچنیوین”.
سەرۆکی لقی بەڵێندەرانی راپەڕین کە بەشی دوو بۆ سێ پڕۆژەی تر پارەی لای حکومەتی هەرێمە، بە 964ـی وت،” ئێمە کێشەمان زۆرە و پارەمان بۆ تەرخان ناکرێت، جگە لەوەش پارەیەکی زۆرمان لای حکومەتە و پارەکە هی پڕۆژەی ئەوەندە کۆنە خۆم بیرم نەماوە کام پڕۆژەیە بووە”.
قادر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا،”بە نموونە 10 مانگ لەمەوبەر بینای بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە لە رانیە رادەستم کردون و تا ئێستا پارەکەم بە تەواوی وەر نەگرتووە و هەر دەنگیشیان نیە؛ بۆیە ترسمان هەیە لە وەرگرتنی پڕۆژەی نوێ تەنیا خۆم بە سەدان ملیۆن دینارم لای حکومەتە، ئیتر ناتوانین پڕۆژەکانیش بەردەوامی پێ بدەین”.
هەر سەبارەت بەم تۆرانەی بەڵێندەرەکان و ترسیان لە وەرگرتنی پڕۆژەی تازە لە دەڤەرەکە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە 964ـی وت،”ئەو پارەیەی باس دەکرێت پارەی پڕۆژە کۆنەکانە و کار ئاسانی زۆریشمان کردووە بۆ ئەوەی جار جار پارەکانیان بۆ خەرج بکرێت؛ بەڵام بابەتەکە بە تەنیا لە دەستی ئێمەدا نییە و دۆخەکە پەیوەندە بە دۆخی ئابووری گشتی هەرێمی کوردستان”.
هیوا قەرەنی سەبارەت بە پێدانەوەی پارەی بەڵێندەرەکان باس لەوە دەکات،” ئێمە ئاگاداری ئەم دۆخەین، بڕە پارەکە تەنیا هی پڕۆژەکان نیە بەڵکو بەشێکی پارەی بارمتەی یاساییە کە پێشوتر بۆ پڕۆژەکان لە بانکەکان دانراوە، بەردەوامیشین لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ تەواوی پڕۆژەکان”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژە لە سنوورەکە راگەیەندراوە و بەڵام کەمترین ژمارەی بەڵێندەران ئامادەن بۆ وەرگرتنی پڕۆژەکان و هەرچی پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی تریشە بە نیوە چڵی ماونەتەوە.