لە شەش مانگدا بایی یەک ملیار و نیو دۆلار کاڵا لە مەرزەکانی کرماشانەوە هاوردە کراوە – وێنە؛ ئیرنا
تەنیا لە شەش مانگدا
بایی یەک ملیار و نیو دۆلار کاڵا لە مەرزەکانی کرماشانەوە هاوردە کراوە
964+
شۆڕش قادری
لە ماوەی شەش مانگدا بایی یەک ملیار و نیو دۆلار کاڵا لە مەرزەکانی کرماشانەوە هاوردەی کوردستان و عێراق کراوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو لەو کاتەدا تاڕادەیەک کەمیکردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری رەزا نیک رەوێش چاودێری گومرگی پارێزگای کرماشان بڵاویکردووەتەوە، “لە 21.3.2025 تا 21.9.2025، سێ ملیۆن و 489 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای یەک ملیار و 506 ملیۆن و 541 دۆلار گومرگیان بۆ کراوە و هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە، یەک ملیۆن و 28 هەزار تۆنی لە مەرزی مونزریە و 974 هەزار و 515 تۆنیشی لە مەرزی پەروێزخان گومرگ کراون و ئەوەی دیکەش لە مەرزەکانی سومار و شۆشمێ و شێخ سەڵە گومرگیان بۆ کراوە.
بەقسەی نیک رەوێش زۆربەی ئەو کاڵایانە، سەوزە و میوە و کەرەستەی بیناسازی بوون، رێژەی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەش بەروارد بە ساڵی رابردوو لەو کاتەدا، لەبواری کێش بەڕێژەی 1٪ و لەبواری بەهاشەوە 2٪ کەمیکردووە.
پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدرێژی 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و لەو مەودایەشدا، حەوت مەرزی فەرمی و نافەرمی هەن و ساڵانە بایی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار کاڵا لەو مەرزانەوە هاوردە دەکرێت.