کاتژمێرێک وەستان لە ناو بازاڕی کەلار بوو بە ٥٠٠ دینار
هەموو شەقامەکانی ناوبازاڕ لە کەلار کراون بە گەراج
میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان
هەموو شەقامەکانی ناوبازاڕ لە کەلار کراون بە گەراج، هەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵ خۆی بەرێت بەپێی ماوەی راگرتن دەبێت ٥٠٠ تا هەزار دینار بدات، بۆیە ئەگەر چوویتە بازاڕی کەلار و کەسێکت بینی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەت دەنوسێت مەترسە، ئەوە کارمەندی سیستمی پارکینگە و بەپێی ماوەی مانەوەت پارەت لێدەسێنێت.
ماوەی سێ ساڵە شەقامەکانی ناوبازاڕ لە کەلار بەو جۆرەیە، بەڵام ئێستا بڕیارێکی نوێ بۆ نرخەکان دەرچووە، راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ کاتژمێرێک بووە بە ٥٠٠ دینار و بۆ زیاتر لە کاتژمێرێکیش دەبێت هەزار دینار بدەیت.
“ئەگەر چوویتە بازاڕی کەلار و کەسێکت بینی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەت دەنوسێت مەترسە”
رۆژی یەکشەممە، شەهاب ئەحمەد قایمقامی کەلار بە بڕیارێک نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی لەنێو شەقامەکانی بازاڕ کەمکردەوە و رایگەیاند، لەمەودوا بۆ کاتژمێرێک لەجیاتی هەزار دینار دەتوانن ٥٠٠ دینار بدەن.
بەڵام دەتوانیت لە شوێنی پارکینگ ئۆتۆمبێلەکەت بەبەلاش بۆ ١٠ خولەک رابگرێت.
هەروەها قایمقامییەتی کەلار لایەنی جێبەجێکاری سیستمی پارکینگ ناچار دەکات بە دانانی کامێرای چاودێری، دابینکردنی جل و بەرگی تایبەت بەو کارمەندانەی کە لەوێ کاردەکەن، دیاریکردنی مووچە و رێکخستنی کاتی دەوامی کارمەندەکان کە لە هەشت کاتژمێر زیاتر نەبێت.
هەردی سەرکەوت وتەبێژی قایمقامییەتی شاری کەلار بە میدیازانی وت، “دوای گلەی و گازندەی چالاکوانان، لایەنە پەیوەندیدارارەکانی شارەکە چەند جارێک سەبارەت بەو گرفتە کۆبوونەوە و توانیان پێداچوونەوە بە سیستمی پارکینگ-دا بکەن بەو جۆرەی چالاکوانان داوایان کردبوو.”
“قایمقامییەتی کەلار لایەنی جێبەجێکاری سیستمی پارکینگ ناچار دەکات بە دانانی کامێرای چاودێری”
لە کەلار ماوەی سێ ساڵە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو شار سیستمی پارکینگ جێبەجێدەکرێت و دەبێت پارە بدەیت بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە چواردەوری پارکی شاری یاری کەلار، شەقامی ناوبازاڕ بۆ مارکێتی گلارا، سەرجەم ئەو شەقامانەی دەکەونە ئەملاولای گەراجی شەهیدان و شەقامی ناوبازار بۆ بنگرد.
نزیکەی ٣٠ کارمەند کار لە شوێنی گەراجەکاندا دەکەن، لە رێگەی پێدانی وەسڵ بەپێی ماوەی وەستان پارە لە شۆفێر وەردەگرن.
ئەم پڕۆژەیە لە سەرجەم عێراقدا تەنها لە شاری کەلار بوونی هەیە و بە تەندەر بۆ دوو هاوڵاتی دەرچووە کە لەبەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویستدا ئەو دوو کەسە داهاتەکەی بۆ خۆیان هەڵدەگرن.