خورمای بەرهەمهاتوو لە عێراق - وێنە: 964
ئەی هەناردە؟
عێراق زیاتر لە 22 ملیۆن دارخورمای هەیە و گرێبەستی بۆ واژۆ دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
عێراق خاوەنی زیاتر لە 22 ملیۆن دار خورمایە و ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کرد کە پلانی هەیە بۆ زیادکردنی هەناردەی خورما لە ساڵی 2025 و واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی کرد بۆ بەرهەمهێنانی شەتڵەکانی دار خورمای شانەیی و فرۆشتنیان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو.
مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی حکومەتی عێراقی وتووە، وەزارەت گرنگییەکی زۆری بە کەرتی دارخورما و خورما داوە، چونکە یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق.
بریکارەکەی وەزارەت دەڵێ، لە رێگەی پڕۆگرامە جۆراوجۆرەکانەوە، پڕۆگرامی نیشتمانی بۆ نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی دارخورما و زۆرکردنی شەتڵەکانی شانەیی جێبەجێ کردووە، کە پشت بە تەکنەلۆجیا نوێیەکان دەبەستێت و لەژێر سەرپەرشتی کادیرانی پسپۆڕدایە، بە ئامانجی گەشەپێدانی شەتڵە شانەییەکانی دار خورما، چ جۆرە ئابوورییەکان یان دەگمەنەکانیان بن، و زیادکردنی ژمارەی دارخورماکان و بڵاوکردنەوەیان بەپێی شێوازە زانستییە پێشکەوتووەکان.
کەرتی دارخورما و خورما لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ههوڵێكی کوالیتیانەی بەخۆیەوە بینیوە لە رێگەی نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکانی باخچەسازی بە پاڵپشتیی وەبەرهێنەران و خاوەن باخ و وێستگە باخچەسازییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، ئەمەش وای کردووە کە ژمارەی دارخورماکان زیاد بکات و بگاتە زیاتر لە 22 ملیۆن دارخورما.
جگە لە بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی خورمای عێراقی لە وەرزی 2024، لەگەڵ چاوەڕوانکردنی زیادکردنی بڕی هەناردەکراو لە ساڵی 2025، چ وەک خورمای خاو بێت یان لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی بەبازاڕکردنەوە کە کار لەسەر پاکەتکردن و پۆشین و دروستکردنی خورما دەکەن، بە شێوەیەک کە بەهایەکی زیادە بەرهەمە عێراقییەکە لە بازاڕە جیهانییەکان بدات.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵی، ئەم هەوڵانە بوونەتە هۆی دامەزراندنی کێڵگەی گەورە کە زیاتر لە 100 هەزار دارخورما لە یەک کێڵگەدا لەخۆ دەگرێت، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی و ئاماژەیەکی روونە بۆ پەرەسەندنی کەرتی دارخورما و خورما لە عێراق.
عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ هەناردەکردنی خورما، ساڵی 2023 نزیکەی 735 هەزار تۆن خورمای هەناردەی دەرەوە کرد، بەڵام لەساڵی 2024 بڕەکەی کەمبووەوە بۆ 700 هەزار تۆن، ئەمساڵ بڕەکەی زیادی کردووە، ئەوەش بە قسەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بێت.