دارە وشکبووەکان لادەبرێن

فولکە و شەقامەکانی شاری سلێمانی سەوز دەکرێن

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

 شارەوانیی سلێمانی دارە وشکبووەکانی فولکە و شەقامەکانی سلێمانی لادەبات و لە جێگەیدا دار و نەمامی نوێ دەڕوێنێت و پڕۆسەکەش بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەکە رواندنی ٥٢ هەزار نەمامە، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

“پڕۆژەکە رواندنی ٥٢ هەزار نەمامە”

هاوژین عوسمان،فەرمانبەر لە بەشی ڕاگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: هەڵمەتەکە بۆ لابردنی داری وشک و روواندنی نەمام و داری نوێیە، لە هەمانکاتدا چاکسازیشە لە دارەکانی تر کە ماون.

بەشێکی دارەکان لە مۆلیدە تایبەتەکانی کارەبا لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان لێیان وەرگیراوە، بەشێکیشی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان دابینی کردووە و بەشێکیشی ئەو هاووڵاتییانە دابینیان کردووە کە بە ئۆتۆمبێل یان هەر هۆکارێکی تر بوونەتە هۆکاری زیانگەیاندن بە دار و نەمامەکانی سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی، ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی ١٩.٤٪ـە.

“ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی ١٩.٤٪ـە”

“هەڵمەتەکە چەند جۆرێکی داری جیاواز لەخۆ دەگرێت لە نموونەی سنەوبەر و توو و ڕۆبینا، چونکە ئەو دارانە بەرگەی وشەکساڵی دەگرن و کاتێکی دیاریکراویشی بۆ دانەندراوە”، هاوژین عوسمان وای وت.