کۆمسیۆن خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکات

دهۆک تۆزی سەر ئامێرەکانی لابرد

964+

هێڤی دێوالی-دهوک

ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پشکنین بۆ  ئامێری ئەلیکترۆنی هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەران دەکات، بۆ دڵنیایی لە دروستی کارکردنیان.

کۆمسیۆن بە تەنیا لە پارێزگای دهۆک شەش هەزار ئامێری ئەلیکترۆنی هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەرانی هەیە.

هەفتەی پێشوو بۆ ماوەی دوو رۆژ، 25 کارمەندی ئۆفیسی دهۆک راهێنانیان کردووە لەسەر دوبارە پشکنینی ئەو ئامێرانە.

سەگڤان حەسەن، وتەبێژی ئۆفیسی دهۆکی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە تۆڕی964ی وت “هەفتەی پێشوو لیژنەیەک لە ئۆفیسی سەرەکی بەغداوە هات بۆ ماوەی دوو رۆژ راهێنانیان بە کارمەندەکانمان بکات، لە رۆژی هەینیيەوە چەند لایەنێکی ئەو ئامێرانەمان پشکنیووە، لەوانە ئامێری دەرخستنی ئەنجام و پشکنینی پاتریەکان”.

بە وتەی سەگڤان ئەو ئامادەسازییەی کۆمسیۆن بۆ ئەوەیە ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن کرا تا ئامادەییان هەبێت.

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی964، لە پارێزگای دهۆک 41 بنکەی خۆتۆمارکردن هەیە، ئەوان لە ئێستادا سەرقاڵی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانن، رۆژانە ئەو بنکانە کراوەن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان تۆماربکەن بۆ بایۆمەتری.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی