یارمەتیمان بدەن بە رووسووری تێیبپەڕێنین

پلانی 964 بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

ژووری هەواڵ

داوا لە وەرگرانمان دەکەین چاودێرێکی وردبن بەسەر کارەکانمان، لە هەر شوێنێکدا هەستیان کرد لەبەرژەوەندی یان لە دژی لایەن و کانیدێک کارمان کردووە، زوو ئاگادارمان بکەنەوە یارمەتیدەرمان بن ئەم قۆناغەش وەکو قۆناغەکانی پێشوو بە رووسووری تێبپەڕێنن، ئەمە بەشێکە لە راگەیەندراوی تۆڕی 964 بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

گرنگترین بەشەکانی پلانەکەمان بەم شێوەیەیە:
– تەنیا زانیاری راست دەگوازینەوە.
– ریکلامی بانگەشەی بڵاوناکەینەوە
– نە خاتری هیچ کەس دەگرین و نە سەنگەر لە هیچ کەس دەگرین.
– ئاگامان لە خۆمان دەبێت بانگەشەمان بە ناوی زانیارییەوە پێ نەدرێت.
– داوا لە خەڵک دەکەین هاوکارمان بن و لە هەڵەکانمان ئاگادارمان بکەنەوە.

دەقی تەواوی راگەیەندراوەکە:

پلانی 964 بۆ هەڵبژاردن
سبەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکات، وەک دوو هەڵبژاردنەکەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، ستراتیژی کارکردنی 964 بەم شێوەیە دەبێت:

– گرنگی بە زانیارییە راست و دروست و یەکلاکراوەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن دەدەین، بەڵام هەر هەواڵێک توندوتیژی و رقلێبوونەوەو شارچێتی بەرهەم بهێنێت، کاری ئێمە نییە.
– لەبەر ئەوەی لە ئەزموونەکانی پێشوودا بەدیمان کردووە لە زۆر باردا پەیامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردەکێشن بۆ یەکتری شکاندن و ململانێی ناڕەوا، بۆیە ئەمجارەش هیچ ریکلامێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیست و کاندیدەکان وەرناگرین و بڵاویان ناکەینەوە، پێمان وایە ئەمە رێگایەکە بۆ ئەوەی بە یەک مەودا لە هەموو هێزە بەشدارەکان بوەستین.
– هەر هەواڵێک پەیوەندی بە خەڵک و ژیانی خەڵکەوە هەبێت لای ئێمە جێی بایەخەو وەک فاکت مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، لەسەر بنەمای خاترانە و سەنگەرگرتن کارناکەین.
– تیمی ژووری هەواڵ و پەیامنێرانمان چاوکراوە دەبن بۆ ئەوەی لیست و کاندیدەکان بە بانگەشەی خۆیان بە ناوی زانیارییەوە تێکەڵ بە بەرهەمە میدیاییەکانمان نەکەن، خۆ ئەگەر شتێکی لەو شێوەیەمان بەسەردا تێپەڕی، هەرکات پێمان زانی، وەک هەمیشە زوو راستی دەکەینەوە وداوای لێبوردن لە وەرگرانمان دەکەین.
– داوا لە وەرگرانمان دەکەین چاودێرێکی وردبن بەسەر کارەکانمان، لە هەر شوێنێکدا هەستیان کرد لەبەرژەوەندی یان لە دژی لایەن و کانیدێک کارمان کردووە، زوو ئاگادارمان بکەنەوە یارمەتیدەرمان بن ئەم قۆناغەش وەکو قۆناغەکانی پێشوو بە رووسووری تێبپەڕێنن.
کاتێک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەم بڕیارەماندا، زۆرێک لە دۆستەکانمان لە دڵسۆزییەوە دەیانوت ئەی ئەگەر رووماڵی بانگەشەی هەڵبژاردن نەکەن چیتان بۆ دەمێنێتەوە؟، بەتایبەت کە ئەم ماوانە بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەموو کات زیاتر جێی باس و خواسەو بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتیش باشترین دەرفەتە، بەڵام لەو ئەزموونانەی پێشوو سەلماندمان کە زیاتر لە جاران ئاگامان لە هەواڵی ژیانی رۆژانەی خەڵک دەبێت و ئەوەی میدیاکانی دیکە بەهۆی بانگەشەوە دەرفەتیان نییە بە خەڵکی بڵێن، ئێمە دەیڵێین.
هەر لەو کاتانەش بە پێچەوانەی هەوای بانگەشەوە، خۆشبەختانە هۆکارێکی باش بووین بۆ کەمکردنەوەی شارچێتی و ناوچەگەری و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
وەک جارەکانی پێشوو رامانگەیاند، دەزانین بڕیارێکی لەم شێوەیە زەحمەتە و لە رووی داراییەوە زیان لە دامەزراوەکەمان دەدات، بەڵام پێمان وایە لە کەشی پڕ لە گرژی بانگەشە، باشترین بڕیارێکە بۆ ئەوەی بەسەربەخۆیی متمانەپێکراوی بمێنینەوەو راستگۆ بین لەگەڵ پەیام و بنەمای کارکردنمان.
پێشتر لە 964 لە زۆر بواری دیکەدا هۆکاربووین بۆ ئەوەی میدیا رۆڵی راستی خۆی ببینێ، وەرگرانمان شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن کە پێشەنگ بووین لە راگرتنی رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژی، خۆشبەختانە بەدوای ئەمەدا داواکاری گشتی و دەستەی مافی مرۆڤ و وەزارەتی رۆشنبیری هەم داوایان کردو هەم بڕیاریاندا رووماڵی ئەو جۆرە تاوانانە رابگیرێت.
دواتریش لە ململانەکانی ئەم دواییە، کاتێک میدیای نزیک لە هێزە سیاسییەکان کەوتنە لێدان لە یەکتر هەر ئەوکات 964 رایگەیاند پێی ناخزێتە ناو ئەو زمانە زبرەو ناهێڵین ئێمە بۆ لەو ململانێیانەدا بەکاربێین.
پێمان وایە میدیاکارو میدیازانەکان دەتوانن لەهەموو بوارەکاندا رۆڵی ئەرێنی خۆیان هەبێت، ئێمە دەمانەوێت لەم قۆناغەش وەک قۆناغەکانی دیکە کارە راستەکەی میدیا بکەین.
تۆڕی 964