"تکایە لە سەر زەوی پاڵ مەکەون"
لە هەولێر پزیشكێك قالۆنچكەیەك لە گوێی منداڵێك دەردەهێنێت
964+
فەرهاد حەسەن
لە هەولێر، پزیشكێكی پسپۆڕ لە حاڵەتێكی دەگمەندا، قالۆنچكەیەك لە گوێی منداڵێك دەردەهێنێت، بێئەوەی هیچ زیانێكی پێبگات و منداڵەكەش بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
دکتۆر کوردین قاسم، پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری قورگ و لووت و گوێ بە 964ـی وت، ئەو حاڵەتەی دوێنێ بۆ هاتووە كە منداڵێك قالۆنچكەیەك چووبووە ناو گوێچكەیەكی و ئەویش بۆی دەركردووە و منداڵەكەش سەلامەتە.
وتیشی ” قالۆنچەكەكە، بە پەردەی گوێی منداڵەكە گیری خواردبوو، بەڵام دوای هەوڵدانێکی زۆر، لە ژێر وردبین – مایکرۆسکۆپ دەرمان هێنا”.
ئاماژە بەوەدەكات، كە ئەم حاڵەتە دەگمەن و ترسناكيشە و چونكە هەر هەڵەیەك لەكاتی دەرهێنانی قالۆنچەكەكە بكرێت، زیان بە پەردەی گوێی منداڵەكە دەگەیەنێت.
دكتۆر كوردین، رێنمایی تایبەتی بۆ هاوڵاتیان هەیە بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتەی بەسەر ئەو منداڵە داهات دووبارە نەبێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەپێوستی دەزانێت كە هاوڵاتیان هۆشيار بكاتەوە كە لە سەر زەوی پاڵ نەکەون و پێش خەوتنیش شوێنی خەوتن راتەکێنن.
بۆ هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیەش كە لە ماڵ و شوێنەكان رووبدات، بەتایبەتیش ئەگەر زیندەوەری بچووک چووە نێو گوێچکەی هاوڵاتیان، ئەوا باشترە دوو تاوەكو سێ دڵۆپ رۆنی زەیتون یا هەر رۆنێکی سروشتی تێبکرێت، دەشڵێت “بۆ حاڵەتێكی لەمشێوەیە، بە هیچ شێوەیەک سیر یاخود پیاز مەخەنە ناو گوێچکەتانەوە، چونكە گوێچکە ناسکە هەر كاتێك هەو بکات، ئازارەكەی ژیانتان تاڵ دەکات”.