سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانى:
“خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین لە (هەژمارى من) موچەکانیان وەردەگرن”
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە بۆنەى تیپەڕاندنى نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین لە چوارچێوەى پڕۆژەى “هەژمارى من”، خۆشحاڵى خۆى دەردەبڕێت و دەڵێت: تا کۆتایی ساڵی 2028، خزمەتگوزاریی بانکیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە.
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت رایگەیاند،”خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لە رێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی (هەژماری من)”.
باس لەوەشکراوە، لە دوای راگەیاندنی پڕۆژەی (هەژماری من)ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ـەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەژماری بانکییان لە کوردستان هەیە، لە کەمتر لە 5%ـەوە بووە بە زیاتر لە 15%.
“پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری راکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران، پارە دانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، کە بەم هۆیەوە، قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت”، لە پەیامەکەدا وا هاتووە.
ئاشکراشى دەکات، تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە رێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە، ئەمەش هەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا رەخساندووە و رێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە، دەستڕاگەیشتن بە متمانەی بانکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان و تازە دەستپێکردووەکان ، زۆر گرنگە.
جەختیشى کردووەتەوە کە (هەژماری من)، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە و روونیی و شەفافیەت لە دابینکردنی مووچەی حکومەتیشدا زیاتر بووە.