لە دوزخورماتوو هەڵمەتەکە بەردەوامە
مامۆستایەکی ئاینی: نابێ بە پێدانی ژەهر سەگ لەناو ببرێ
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
تیمەکانی ڤێتێرنەری و شارەوانی و پۆلیسی دوزخورماتوو هەڵمەتی لە ناوبردنی سەگی بێلانەیان لە ناو کوچەو کۆڵانەکانی قەزاکە دەستپێکردەوە، بەشێک لەو سەگانەی کۆنتڕۆڵ ناکرێن و هەڵدێن بەچەکی تاپڕ دەپێکرێن و لەناو دەبرێن.
بەڵام، مامۆستایەکی ئاینی پێدانی ژەهر بە دژ دەزانێ و پێی وایە، ئاژەڵی دڕەندە نابێ بە ئازارەوە بتلێتەوە تا مردار دەبێتەوە.
نەجم هادی، بەرپرسی راگەیاندنی بەشی هۆبەی ڤێتێرنەری دوزخورماتوو بە 964ـی وت، هەڵمەتەکەیان دوای ئەوەدێت، رێژەی سەگی بێلانە لەقەزاکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لەزیادبوون کردووە و رۆژانە لەرێگەی جۆرە دەرمانێک بەناوی “لانیت” کە جۆرە بۆدرەیەکی ژەهراویە و گۆشت و سەرو قاچە مریشکی پێ چەور دەکرێت و دەخرێتە پێش سەگاکان و پاش ماوەیەک لەخواردنیان لەناو دەچن و مرداردەبنەوە.
هەندێک جار ئەو سەگانەی پێمان کۆنتڕۆڵ ناکرێن و هەڵدێن، لەلایەن تیمەکانمانەوە بەچەکی جۆری تاپڕ لەناو دەبرێن و پاشان لەلایەن تیمێکی دیکەو لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، دەست بەکۆکردەوەیان دەکرێت و دەبرێنە دەرەوەی قەزاکەو دەخرێنە چاڵەوە، نەجم هادی وای وت.
لەباری کۆکردنەوەیان لە شێڵتەرێکدا، وتی، چەندین جار داوایان ئاڕاستەی سەرووی خۆیان کردووە، بۆ ئەوەی شێڵتەرێک بۆ کۆکردنەوی سەگە بێلانەکان بکرێتەوە، بەڵام داواکاریەکەیان پشت گوێ خراوە، سیامەند عەبدڵا، مامۆستایەکی ئاینی قەزاکەیە ئەو بە 964ـی وت، لەرووی ئاینی ئیسلامەوە رێگەدراوە بە لەناوبردنی هەر ئاژەڵێک زیانی بۆ مرۆڤ هەبێت، بەڵام دەبێت بەئاسانترین و کەمترین ئازار لەناو ببرێن و بەهیچ شێوەیەکیش نابێت ژەهر خوارد بکرێن، چونکە بەوجۆرە نزیکەی کاتژمێرێک بەئازارەوە دەناڵێنن تا مردار دەبنەوە.
ئەو مامۆستا ئاینییە وتی، لەناو بردنی سەگە زیانبەخشەکان بەچەک لەناو ببرێن باشترە لەوەی ژەهەر خوارد بکرێن، چونکە بەو جۆرە بە کەمترین ئازار لەناو دەچن و مردار دەبنەوە، ئەوە لەکاتێکدا بەپێی ئامارێکی ڤێتێرنەری قەزاکە، مانگانە 200 بۆ 250 سەگی بێلانە بەدەرخواردی ژەهر، یان بە چەک لەناو دەبرێن و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا