وێنەی قوتابخانەیەک لە هەرێمی کوردستان کە سیستەمی سۆلار بەکار دەهێنێت - وێنە؛ ئەرشیفی 964
لە بوارى دیجیتاڵیش
حکومەتی هەرێم گرێبەستی بەرهەمهێنانی 700 مێگاوات کارەبای لە وزەی خۆر واژۆکرد
964+
وریا فەتاح
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و پشت بەستن بە وزەی پاک، چەندین گرێبەستی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر واژۆ کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئێستادا 20 مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا 75 مێگاواتی دیکەش دەخرێتە کار، هەروەها، پلانیش هەیە بۆ بەرهەمهێنانی 500 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی بازیان و 500 مێگاواتی دیکەش لە رێگەی سیستەمی “کۆمبایند سایکل”ـەوە بەرهەم بهێندرێت، لە هەمان کاتدا، وێستگەیەکی 250 مێگاواتی کارەبا بە وزەی با لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەت 61 پڕۆژەی کارەبای بە گوژمەی 372.84 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کردووە و 3,119 پڕۆژەی دیکەی دابەشکردنی کارەباشی بە گوژمەی 206 ملیار دینار ئەنجام داوە.
وەک ئەوەى فەرمانگەى میدیا و زانیارى خستوویەتییەڕوو، لەگەڵ پەرەپێدانی کەرتی وزە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە ئامانج لێى کەمکردنەوەی رۆتین و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەتە، بەشێوەیەک تا ئێستا زیاتر لە 300 خزمەتگوزاری بەشێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکرێن و کار بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی و گومرگیش دەکرێت.
جەختیشکراوەتە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە تا ساڵی 2025، زۆربەی خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوە حکومییەکان بەشێوەی دیجیتاڵی بێت و پێویستی بە بەکارهێنانی کاغەز نەمێنێت.