وەزیرى نەوتى عێراق... وێنە: ئاژانسى دەنگوباسى عێراق
"دەبێت داهاتە نانەوتییەکانیش رادەستبکرێن"
وەزیرى نەوت: پێویستە هەرێمى کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنى نەوت
964+
ژوورى هەواڵ
لەدواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، وەزیرى نەوتى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەبێت پابەند بێت بە رادەستکردنى نەوت بە سۆمۆ.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتى عێراق رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، ئەوەش لەسەر بنەماى رێککەوتنێکە و دەبێت وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى پێوەى پابەند بێت.
باسى لەوەشکرد، هەموو نەوتی بەرهەمهێنراوی لە هەرێمی کوردستان رادەست دەکرێت و تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوخۆ بەکاردێت.
“ئێمە لە پیشخابورەوە نەوت وەردەگرین و تاوەکو بەندەری جەیهانی تورکیا بەرپرسیارین لە پڕۆسەی نەوت”، وەزیرى نەوت واى وت.
جەختیشى کردەوە، دەبێت کەمترین بڕى نەوت کە رۆژانە رادەستمان بکرێت 190 هەزار بەرمیل بێت، چونکە لە ئێستادا بە شێوەیەکی سروستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمی کردووە و هۆکارەکەشی ئەو وەستانە ماوە درێژە بووە.
وتیشى،” یاساى بودجەدا ئاماژە بە 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە کردووە، ئەمە وێراى ئەو بڕەیەى دەچێت بۆ بەکاربردنى ناوخۆیى، بۆیە ئێمە هیوادارین ئەو بڕەیە زیاد بێت پشت بەخودا”.
لەبارەى موچەى فەرمانبەرانیشەوە، وەزیرى نەوت و جێگرى سەرۆک وەزیران لە وەڵامى رۆژنامەواناندا جەختى کردەوە کە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بەردەوام بێت لە رادەستکردنى نەوت، لەبەرامبەریشدا موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکرێت.