ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ئێران - وێنە؛ میدیای ئێران
"لە شەڕی 12 رۆژە کەڵکمان لێ وەرگرتوون"
ئیتلاعاتی ئێران: دەستمان بە چەندین بەڵگەنامەی سەربازی و ئەتۆمی ئیسرائیل گەیشتووە
964+
شۆڕش قادری
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران دەڵێت، دەستیان بە چەندین بەڵگەنامەی نهێنی ناو ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل گەیشتووە و بەکەڵک وەرگرتن لەو بەڵگەنامانەش لە شەڕی 12 رۆژەدا چەند شوێنێکیان کردووەتە ئامانج.
ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لەڕێی یەکێک لە ئاڵۆزترین و نهێنیترین پلانەکان، چوونەتە قوڵایی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل و چەندین زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنی پەیوەندیدار بە چالاکی ئەتۆمی و سەربازی و زانستی و هەواڵگری ئەو وڵاتەیان بەدەستهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەڵگەنامانە کە لە ملیۆنان لاپەڕە پێکهاتووە، گوزاراونەتە ئێران و بەشێکیشی پەیوەندی بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە.
ئیسماعیل خەتیب راشیگەیاندووە، لە بەڵگەنامەکاندا ناو و ناونیشانی تەواوەتی و پەیوەندی کاریی 189 شارەزای ئەتۆمی و سەربازیی ئیسرائیل و پڕۆژەکانیان و هەروەها چەند شوێنێکی سەربازیی و زانستی هەستیاری ئەو وڵاتە ئاشکرا کراوە کە لە شەڕی 12 رۆژەدا بەکەڵک وەرگرتن لەو زانیاریانە، چەند شوێنێکیان کراونەتە ئامانج.
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی 12 لەسەر 13.6.2025 بە موشەکباران کردنی تارانی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، بۆ یەکەمجار شەڕی راستەوخۆی ئەو دوو وڵاتە دەستیپێکرد و دوای 12 رۆژ و لە بەرەبەیانی 26.6.2025 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا شەڕەکە راگیرا، بەڵام تا ئێستاش مەترسی هەڵگیرسانەوەی هەیە، لەو شەڕەدا جگە لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران بە هەزاران کەسیش لە هەردوولا کوژران و برینداربوون.