درێژی رێگاکە 16 کیلۆمەترە و لە دووساید پێکدێت
سایدی چوونی رێگای کەسنەزان -گۆمەسپان بەمزووانە تەواو دەبێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
زیاتر لە %30ـی کارەکانی دووسایدی کەسنەزان – گۆمەسپان تەواو بووە، درێژی رێگاکە 16 کیلۆمەترە و لە دووسایدی گەورە پێکدێت کە پانی هەر سایدێکی 10,75 مەترە، لە پێنج بەرزە پرد و یەک ژێر پرد پێکدێت.
ئەمیر ئەحمەد، بەڕێوبەری پڕۆژەکانی رێگاوبان بە 964ـی وت،”لە سەرەتای دانانی بەردی بناغەی دووسایدی کەسنەزان – گۆمەسپان، بڕیار وابوو پرۆژەکە ساڵی 2026 تەواو بکرێت، بەڵام پێشبینی دەکەین کارەکان زووتر تەواو ببن و سەرەتای ساڵی 2026 تەواوی کارەکان بە کۆتا بێت”.
وتیشی، تا ئێستا کارکردن لە پێنج کیلۆمەتری سایدی چوون بۆ گۆمەسپان تەواو بووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشدا 10 کیلۆمەتری دیکەش دەکرێتەوە، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 11 سایدی چوون بۆ گۆمەسپان بە تەواوی دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر