دیمەنێک لە گەشتی زیارەتکارانی حەج بەرەو سعودیە _ وێنە: هێڵی ئاسمانی عێراقی
سبەی تیمێکیان دەچێتە سعودیە
وەزارەتی ئەوقاف ئامادەکاری بۆ حەجی داهاتوو دەکات
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کوردستان ئامادەکاری بۆ حەجی داهاتوو دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش سبەی تیمێکیان دەچێتە سعودیە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان، لەسەر راسپاردەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هەریەک لە کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان و سیروان عەبدولڕەحمان نوێنەری بەرێوەبەرایەتییەکە لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دەستنیشان کراون تاوەکوو شانبەشانی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق بەدواداچوون و سەردانی ئەو ئۆتێلانە بکەن کە بۆ ساڵی داهاتوو لە شاری مەدینە بۆ حاجیانی عێراق و کوردستان دەستنیشان دەکرێن، لەگەڵ چاودێریکردنی ئەو خواردنەی کە بۆ حاجیان ئامادە دەکرێت.
لەو بارەیەشەوە کاروان ستونی رایگەیاندووە، سبەینێ دووشەممە 22.9.2025 بەرەو شاری مەدینە بەڕێدەکەون بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی 2026.
ساڵانە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ حەج دەکات و ئەمساڵیش بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی کوردستان، ناونووسین بۆ بەشداریکردن لە حەج بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامدرا.