ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا
بە مەحمود عەباسیشی وتووە
سەرۆكی فەرەنسا: دووشەممەی داهاتوو دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێم
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئاشكرای كرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە نیویۆرک دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.
ماکرۆن ئەمڕۆ هەینی 19.9.2025 لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئیرادەی خۆم بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دووشەممەی داهاتوو لە نیویۆرک بۆ مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین دووپاتکردەوە.
روونیشی کردەوە، “داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، بەشێکە لە پلانێکی هەمەلایەنەی ئاشتی بۆ ناوچەکە”.
سەرۆكی فەرەنسا وتی، “مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، ئیرادەی خۆی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان بۆ نوێکردنەوەی حوکمڕانی فەڵەستین و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی گەیشتن بە سەقامگیری لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین دووپاتکردەوە”.
تا ئێستا نزیكەی 12 دەوڵەت دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێك كە فەرەنسا و سعودیە بەیەكەوە دەستیانپێكردووە.