گەورەترین پەیكەری "گای باڵدار"ی سەردەمی ئاشوورییەكان لە موسڵ دۆزرایەوە
موسڵ
گەورەترین “گای باڵدار”ی سەردەمی ئاشوورییەكان دۆزرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەكانی عێراق، دۆزینەوەی گەورەترین گای باڵدار لە مێژووی دەوڵەتی ئاشووری لە موسڵ راگەیاند، کە بەرزییەکەی نزیکەی شەش مەتر دەبێت.
دۆزینەوەکە دەکەوێتە ناو هۆڵی شاهانەی کۆشکی مەلیک ئاسەرحەدۆن لە پشت مزگەوتی پێغەمبەر یونس لە موسڵ.
ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، “تیمەکانی هەڵکەندن توانیان گەورەترین گای باڵدار لە مێژووی دەوڵەتی ئاشووریدا بدۆزنەوە، کە بەرزییەکەی نزیکەی شەش مەتر دەبێت، بەهایەکی گەورەی شوێنەواری و مێژوویی هەیە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “کارەکانی هەڵکەندن ئاماژەیە بۆ بوونی شوێنەواری دیكەی بچووکتر، هەروەها بووەتە هۆی دیاریكردنی ناوچەی هۆڵی عەرش، کە گرنگییەکی بەرچاوی لە مێژووی دەوڵەتی ئاشووریدا هەیە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “شوێنی کۆشکی شاهانە، چەند هۆڵێكی لە تەنیشتەكانیدا هەیە، تا دەگەنە هۆڵی عەرش، جگە لەوەی دوو دانە پەیكەری گای باڵدار لە هەریەکە لە دەروازەکانی کۆشکەکەدا هەن”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەری پشکنینی شوێنەوار و میراتی نەینەوا، روەید موفەق، بۆ ئاژانسەكە روونی کردەوە، “یەکێک لە گایەكان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە لای چەپی کۆشکەکە دۆزراوەتەوە، هاوکات لە هەڵکۆڵینەکانی ئێستادا گای باڵداری دووەم دەرکەوتووە، ئەمەش گرنگیی گەشتیاری و شوێنەواریی شوێنەکە بەرزتر دەکاتەوە”.
هەروەها دەڵێت، “دەستەی شوێنەوار بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی هایدنبێرگی ئەڵمانی و وەزارەتی رۆشنبیری، کاردەکەن بۆ وەبەرهێنان لەو شوێنە و دامەزراندنی مۆزەخانەیەک، كە بۆ سەردانیكەر و گەشتیاران كراوە بێت، بە ئامانجی بەستنەوەی شوێنەوارە ئاشوورییەکان بە میراتی ئیسلامی لە مزگەوتی پێغەمبەر یونس، پلانەکانیش بەم زووانە رادەگەیەنرێن”.
لای خۆیەوە پیتەر نیکۆلاس پسپۆڕی شوێنەوارناسی لە زانکۆی هایدنبێرگی ئەڵمانی بە هەمان سەرچاوەی راگەیاندووە، تیمەکانی هەڵکەندن چەندین تابلۆی گڵیان دۆزیوەتەوە کە نووسراوەکانی پاشا سەنحاریب و ئاسەرحەدۆن و ئاشوور پانیباڵ لەسەر نووسراوە، کە بە گەورەترین پاشاکانی دەوڵەتی ئاشوور دادەنرێن، هەروەها شوێنەواری بچووک دۆزراونەتەوە، کە وەك دەستكەوتی جەنگ لەلایەن دەوڵەتی ئاشوورییەوە لە میسر و شامەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.