“ئانتۆنێلا” مێسی به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
ناکۆکییەکی توند لە نێوان مێسی و هاوسەرەکەی لەسەر یاریكردن له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌، پێشهاتی تازه‌ش له‌م باره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ پێش.
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپە پاریسییەکەی کۆتایی دێت.
میدیاكانی ئیسپانیا بڵاویان كرده‌وه‌، خۆرخی مێسی، باوکی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر دانوستانەکانی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا ئەنجام دان بۆ گفتوگۆکردن لە باره‌ی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ له‌ هاوینی داهاتوودا.
مێسی تا ئێستا بیرۆکەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان رەتکردووه‌تەوە، بەتایبەتی ئاماده‌ نییه‌ مووچه‌كه‌ی له‌ 38 ملیۆن یۆرۆی ساڵانه‌ بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ کەم بکاتەوە.
لە رۆژانی رابردووشدا میسی ئۆفەرێکی لە لایەن یانه‌ی هیلالی سعوودیه‌وه‌ بە بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی دوو وەرز پێگه‌یشت، وه‌ك سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی سعوودیه‌ بڵاویان كرده‌وه‌.
ئەنتۆنێلا چی ده‌وێت؟
رۆژنامەی “لۆ پاریزیان”ی فەڕەنسی ئاشکرای کردووە، ئەنتۆنێلای هاوسەری لیۆنێل مێسی ئێستا هەوڵ دەدات مێسی رازیی بکات پاریس جێبهێڵێت و روو بکاتە ئەمریکا.
هاوسەرەکەی مێسی دەیەوێت بە زووترین کات لە شاری مه‌یامیی ئەمریکا بژی و هاوسەرەکەشی یچێتە یانه‌ی ئینتەر مه‌یامی، کە خاوەنەکەی دەیڤید بێکهامی ئەستێرەی ئینگلیزییە.
ویستی ئەنتۆنێلا بۆ رۆیشتنی بەرەو ئەمریکا، لە کاتێکدایە مێسی لەگەڵ ماریۆ کەمپێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی قسەی کردووە و رایگه‌یاندووه‌ ئه‌وروپا بۆ هیلالی سعوودی و ئینته‌ر مه‌یامی جێناهێڵێت و ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌ ئاستی یاریكردنی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ كۆپا ئه‌مریكای 2024 ئاماده‌ بێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مێسی تا ئێستا بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبه‌سته‌كه‌ی لەگەڵ پاریس سانجێرمان یان گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا نەداوە.