کاسبکاران تووشی کێشە بوون

بازاڕی خورماتوو خەریکە پڕ دەبێت لە دراوی ساختە

964+

سیروان خورشید- دوزخورماتوو

بازاڕی خورماتوو خەریکە پڕ دەبێت لە دراوی ساختە و ئەوەش کێشەی بۆ دوکانداران و کاسبکارانی ناوبازاڕ دروستکردووە، لەفەفرۆشێک دەڵێت، بایی 50 هەزار دینار لەفەی فرۆشتووە و پارەی ساختەیان لەملکردووە.

دارەوان عەباس خاوەن نوسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراوە لە خورماتوو، ئەو بە 964ـی وت، “رۆژانە حاڵەتی لەو شێوەیەمان تووش دەبێت، بەڵام چونکە ئامێری پشکنینی دراومان هەیە، ئەو کێشەیەمان بەسەر تێناپەڕێت”.

باسی لەوەشکرد، هەندێک لە هاوڵاتیان کاتێک ئۆتۆمبێل یان کەرەستەیەکی گرانبەها دەفرۆشن، دەچنە لایان و ئەو پارەیەی وەریانگرتووە لە جیهازەکەی دەدەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کە ساختە نییە.

لەفە فرۆشێکی ناو بازاڕی خورماتوو بەناوی کارزان ناسیح دەڵێت، “لەچەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی چەند حاڵەتێکی لەوشێوەیە بوومەتەوە، بایی 50 هەزار دینار لەفەیان لێکڕیوم و لە بەرامبەردا پارەی ساختەیان پێداوم، داواکارم لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی ورد بۆ بنبڕکردنی ئەو حاڵەتانە بکات”.

ئەم حاڵەتە زیاتر تووشی چینی کاسبکاران وەک، دوکانی کەمالیاتی ئافرەتان و بەنزین فرۆشان و خاوەن خواردنگەکان دەبێت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 چەند جارێک پەیوەندیکرد بە قایمقامی خورماتوو، بەڵام تەلەفۆنەکەی بەردەست نەبوو.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

بەتۆمەتی مامەڵەکردن و ساغکردنەوەی دراوی ساختە سێ تۆمە...

بەتۆمەتی مامەڵەکردن و ساغکردنەوەی دراوی ساختە سێ تۆمەتبار دەستگیر کران

هەڵمەتێک بۆ سەر تایەفرۆشانی خورماتوو دەستیپێکرد و ژما...

هەڵمەتێک بۆ سەر تایەفرۆشانی خورماتوو دەستیپێکرد و ژمارەیەکیان سزای مادی دران