سه‌رپێچیكاران سزا ده‌دات
له که‌رکوک هه‌ڵمه‌تێکی گشتگیر بۆ لابردنی سه‌رپێچییه‌کانى سه‌ر تۆڕی گشتیی کاره‌با ده‌ستپێكرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شکردنی کاره‌بای که‌رکوک، هه‌ڵمه‌تێکی گشتگیری بۆ لابردنی سه‌رپێچییه‌کان له‌سه‌ر تۆڕی رووناککردنه‌وه‌ی گشتیی شه‌قامه‌کانی شار ده‌ستپێکرد، لێپێچینه‌وهش له‌و که‌سانه ده‌كات كه سه‌رپێچی ده‌که‌ن و سزای دارایی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.
له‌یس ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی دابه‌شکردنی کاره‌بای که‌رکوک، به ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، کارمه‌ندانی ته‌کنیکی و ئه‌ندازیاریی ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره کردووه بۆ بڕینی سه‌رپێچییه‌کانی سه‌ر تۆڕه‌کانی رووناککردنه‌وه له ناوه‌ندی پارێزگاکه، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانه بۆ پاراستنی تۆڕی کاره‌با و رێکخستنی به‌کارهێنانی به شێوه‌یه‌ک که دادپه‌روه‌ری له پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزارییه‌که بۆ هه‌موو هاوڵاتیان به‌دی بێنێت.
وتیشی “سه‌رپێچییه دووباره‌بووه‌کان له‌سه‌ر تۆڕی گشتیی بوونه‌ته هۆی لاوازیی رووناکیی شه‌قامه‌کان، زیادبوونی باری ناهه‌مواری کاره‌با، و رێگریکردن له کاره‌کانی چاککردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان.”
لیژنه‌ی سه‌رپێچییه‌کان رێوشوێنی پێویست به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌رپێچی ده‌که‌ن ده‌گرێته‌به‌ر و له حاڵه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سه‌رپێچیدا سزای داراییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.
ئه‌م به‌رپرسه‌ى كاره‌با ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه “ئه‌م رێوشوێنانه کاتی نابن، به‌ڵکو به شێوه‌یه‌کی خولی له ناوچه جیاجیاکانی که‌رکوکدا جێبه‌جێ ده‌کرێن، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئه‌منیه‌کان، بۆ سنووردارکردنی هه‌ر سه‌رپێچی یان گواستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کیانه‌ی کاره‌با که زیان به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بگه‌یه‌نێت”.
داوایشی له هاوڵاتیان کرد، پابه‌ندی یاسا و رێنماییه‌کانی به‌کارهێنانی تۆڕی کاره‌با بن، بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌که باشتر بکرێت و سه‌لامه‌تیی تۆڕه‌که و جوانیی شاره‌که و رووناککردنه‌وه‌که‌ی بپارێزرێت.