بهرههمى رۆژانەى زیاتر له یهك ملیۆن و نیو لیتره
پاڵاوگەی کەرکوک جگه له نهوتى سپی و گازوائیل و غازی شل بهنزینی موحهسهنیش بهرههم دههێنێت
964+
فهرهاد حهسهن
وهزارهتى نهوتى عێراق دەستپێکردنی چهند بهرههمێكی له پاڵاوگەی نەوتی کەرکوک ئاشكرا كرد، جگه له بەنزینی کوالێتی بەرز و غازی شل، رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر بەنزینی موحەسەن بەرهەمدەهێنێت.
ئەو بەنزینەی له پاڵاوگهكه بەرهەم دەهێنرێت بە ئۆکتانی 92، وهزارهت دهڵێت جۆرێکی باشە، هاوشانی ئەوەش بڕێکی زۆر نەوتی سپی و غازی شل بەرهەم دەهێنێت، کە کاریگەری دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم و باشکردنی جۆرێتی بەرهەمە سوتەمەنییەکان.
بەرهەمهێنانی بەنزین و غازی شل، دوای ئەوە هات کە مانگی رابردوو وەزیری نەوتی عێراق پاڵاوگەی نەوتی کەرکوکی بە فەرمی کردەوە و رایگەیاند، بەرهەمی پاڵاوگەكه یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی بەرهەمە سوتەمەنییەکان و رێژەیەکی باشی پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەکاتی سەردانەکەی بۆ کەرکوک، سەرەتای مانگی ئابی رابردوو وتبووى، لە سایەی پاڵاوگەی کەرکوکەوە بەرهەمی ناوخۆیی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، خەرجی هاوردەکردنی بەنزینی موحەسەنی لە پێنج ملیار دۆلارەوە بۆ 500 ملیۆن دۆلار کەمکردوەتەوە.
پاڵاوگەی کەرکوک سود لە کیڵگەی نەوتی جمبور وەردەگرێت، ژمارەیەک بیرە نەوتی گەورە لە خۆدەگرێت یەکێک لە کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی پارێزگای کەرکوک، بۆیهكهمجاریش لە مانگی ئابی 1959 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لەو کێڵگەیە.
پڕۆژەی پەرەپێدانی پاڵاوگەی نەوتی کەرکوک، سەرەتای ئەم ساڵە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و ئەمەریکا ئیمزا کرا، بە تێچووی دوو ملیار دۆلار، کۆی پڕۆژەکە بە سەرجەم قۆناغەکانییەوە دوو ساڵ و سێ مانگی بۆ دانراوە، بە توانای پاڵاوتنی 70 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.