لیژنه‌كان ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن
حكومه‌تى عێراق قه‌ره‌بووى زیانه‌كانى ئاگره گەورەكه‌ى ئه‌مدواییه‌ى هه‌ڵه‌بجه ده‌كاته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌هه‌ڵه‌بجه، لیژنه‌یه‌كى هه‌ڵسه‌نگاندن كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانانه ده‌كات كه ئاگره گه‌وره‌كه‌ى ئه‌م دواییه به هاوڵاتیانى چه‌ند گوندێكی گه‌یاندووه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كه سه‌ردانى مه‌یدانى بۆ شوێنه زیانلێكه‌وتووه‌كان كردووه.
فریاد نه‌جمه‌دین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانى هه‌ڵه‌بجه، وەک سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن، به 964ـى راگه‌یاند سەردانی هه‌ریه‌ك له گوندەکانی چنار، مۆردین، نەیجەڵە، پێگە، لمە و دەوەرەیان كردووه و نوێنەرانی فەرمانگەکانی بەرگری شارستانی، کشتوکاڵ، پۆلیسی دارستان و ژینگە، قایمقامیەتی قەزای مەڵبەند، موختاری گونده‌كانیشیان له‌گه‌ڵ بووه.
وتیشی “ماوه‌ى سێ رۆژ سه‌ردانى مه‌یدانیمان ئه‌نجامداوه و هه‌موو زه‌ره‌ر و زیانه‌كان ده‌یكه‌ینه لیستێك و دواتر ره‌وانه‌ى به‌غدا ده‌كرێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان”.
قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانى زیانمه‌ند له‌لایه‌ن به‌غداوه له رووى مادییه‌وه ده‌كرێت و ئه‌وانیش بۆ دیاریكردنى زه‌ره‌رو زیانه‌كان پشت به‌و رێنمایی و رێكارانه ده‌به‌ستن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، چونكه زۆربه‌ى زیانه‌كان به سروشت و كشتو‌كاڵى ئه‌و گوندانه كه‌وتووه.
رۆژی 17.8.2025 ئاگرێکی گەورە لە نزیک ناوچەی کۆکۆیی لە سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه دروستبوو، سەرەتا لە سنووری گوندی مۆردین بوو، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکە و هەبوونی مەترسی مین، فراوانتر بوو بەرەو گوندەکانی چنار، نەیجەڵە، دەرەناوێ و چەند گوندێکی دیکە، بڵاوبووه‌وه.
ئاگرەکە، جگە لە زیانی ماددی و سووتانی سەدان دۆنم پوش و پاوان و دارستان، زیانی گیانیشی لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ژینگەدۆستێک بەناوی ئارى موختار و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بەناوی محەمەد شێخ حەیدەر لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە و ئه‌وكات هه‌ڵه‌بجه‌ش به فه‌رمى بۆ گیان له‌ده‌ستدانى ئه‌م دوو كه‌سه‌ى ماته‌مینى راگه‌یاند.
رۆژى 3.9.2025 پارێزگاری هەڵەبجە رایگه‌یاند، وەزیری ناوخۆ رەزامەندی دەربڕیوە بۆ بڕینەوەی موچەیەکی شەهیدانە بۆ ئاری موختار ئەو گەنجەی لە ئاگرە گەورەکەی ناوچەی کۆکۆیی گیانی لەدەستدا، هەروەها گۆڕینی ناوى بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ بۆ “بنکەی پۆلیسی شەهیدی ژینگە محەمەد شێخ حەیدەر”.