رەنگە سبەی مانگرتنی سەرتاسەری بكرێت
بەم شەوە بارهەڵگری زۆر لە بازگەی كەركوک گیریان خواردووە
964+
كاروان ساڵحی
ئەمشەو بەهۆی داخڵبوونی بارهەڵگری زۆری گواستنەوەی كەلوپەل، لە بازگەی كەركوك قەرەباڵغییەكی زۆری دروست بووە، داواش دەکرێت بازگەكانی نێوان کەرکوک و شارەکانی دیکە ببرێنە دەرەوەی سنووری شارەوانیی کەرکوک، بڕیاریش وایە سبەی شۆفێرانی بارهەڵگر لە سەرانسەری عێراق مانگرتن بكەن.
کەمێک پێش ئێستا نووسینگەی راگەیاندنی ئیدارەی کەرکوک لەسەر کێشەی بازگەکان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و داوا دەکات بەپەلە چارەسەر بکرێت، ئاماژەی بەوەش كردووە، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەریق عەبدولکەریم سودانی، سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجام دا و داوای ناردنی لیژنەیەکی باڵای کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە قەرەباڵغی بازگەکان و جەنجاڵیی بەهۆی بارهەڵگرەکان.
وەك هاتووە: سودانی دووپاتی کردەوە لەم هەفتەیەدا لیژنەکە دەنێردرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا.
هەر سەبارەت بەم كێشەیە، عومەر مامۆ جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی کەرکوک بۆ 964 وتی: هۆكاری قەرەباڵغیی بازگەكانی كەركوك زۆرن، دیارترینیان ئەوەیە عێراق وڵاتێكی هاوردەكارە و رێگەی سەرەكیشی تەنیا وشكانییە، نە شەمەندەفەر و نە دەریایی هەیە، بۆیە ئەم قەرەباڵغییە دروست بووە.
وتیشی، پێویستە ئیدارەی کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگا بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەكە بکەن.
بە پێی زانیارییەکانی 964، كە لە سەرچاوەیەكی تایبەت دەستی كەوتووە، بڕیار وایە سبەینی مانگرتنێکی سەرتاسەری شۆفێرانی بارهەڵگر لە عێراق ئەنجام بدرێت، لە دژی ئەوەی لە بازگەکان کێشەیان بۆ دروست دەكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا