هەموویان خزمی یەكترن

19 خانووی هاوشێوە لە گەڕەکێکی هەولێر بونیادنراون

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، کۆڵانێک هەیە کە سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی رادەکێشێت، 19 خانووی بە هەمان شێوە دروستکراون و هیچ جیاوازییەکیان نییە، ئەم دیزاینە ناوازەیە بووەتە جێی پرسیار و باس و خەڵک دەپرسن، ئاخۆ دانیشتووانەکەی چۆن ماڵی خۆیان دەناسنەوە و ئایا ئەم لێکچوونە کێشەی بۆ دروست نەکردوون؟

پەیامنێری 964 سەردانی ئەم گەڕەکەی کردووە و لەگەڵ چەند خاوەن ماڵێکدا گفتوگۆی کردووە بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارانە.

سیامەند جەمیل، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکەیە بە 964ـی وت، هەر 19 خاوەن ماڵەکە خزمی یەکترن و بە رێککەوتن و هاوکاریی یەکدی ئەم پڕۆژەیەیان دروست کردووە.

ئەو دەڵێت: “ئێمە هەموومان بەیەکەوە بڕیارمان دا کە خانووەکانمان یەک شێوە و یەک دیزاین بن، تەنانەت رەنگی خانووەکانیشمان هەمووی سپییە.”

ئەوەشی خستەڕوو کە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، قیرتاوکردن و رەسیفکردنیشیان لەسەر ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە.

سەرەڕای ئەوەی خاوەن ماڵەکان بەهۆی ناسینی وردەکاریی بچووکی وەک جیاوازیی گوڵ و شێوازی دانانی کەلوپەل ماڵەکانیان دەناسنەوە، بەڵام میوانەکان زۆرجار تووشی سەرلێشێواوی دەبن، سیامەند بە پێکەنینەوە دەڵێت، “زۆر جار روویداوە میوانەکانمان لە دەرگای ماڵی دراوسێکانمان دەدەن، بەڵام ئەمە بووەتە شتێکی ئاسایی و مایەی خۆشی.”

ئەم ستایلە تایبەت و یەکگرتووە وای کردووە نرخی خانووەکانی ئەم کۆڵانە بەرزتر بێت لەچاو کۆڵانەکانی دەوروبەری، یەکێک لە خاوەن ماڵەکان ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر نرخی هەر خانوویەک نزیکەی حەوت هەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بەهای زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری هەیە.

پێچەوانەی زۆربەی پڕۆژە هاوشێوەکانی نیشتەجێبوون، ئەم گەڕەکە پڕۆژەیەکی حکومی یان کەرتی تایبەت نییە، بەڵکو لەسەر بیرۆکە و تێچووی دانیشتووانەکەی دروست کراوە، هاوڵاتییەکی دیکەی گەڕەکەکە دەڵێت: “ئەمە پڕۆژەی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکو خاوەن ماڵەکان خۆیان لەگەڵ مقاولێک رێککەوتوون و خانووەکانیان بەم شێوەیە دروست کردووە.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

روخاندنی خانوو؛ چیرۆکی ناونانی گەڕەکی

روخاندنی خانوو؛ چیرۆکی ناونانی گەڕەکی "گێ مەدێ"ی هەولێرە