سبەی تیمێک دەچن
مەنهۆڵێک کێشەکەیە؛ شیشەکانی نەبن پێنج مەتر دەکەویتە چاڵەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
مەنهۆڵێك لەشەقامی مسیۆ میترانی سلێمانی كە دەكەوێتە نزیك كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی، گرفتی بۆ پەڕینەوەی خەڵك و تەنانەت شۆفێرانی شەقامەكەش دروست كردووە.
بەشێك لە شۆفێران و پیادەڕەوانی شەقامەكە قسەیان بۆ 964 كردوە و دەڵێن، كە بووەتە گرفت بۆ هەموومان و بەتایبەت شەوان نابینرێت، یان مەترسییە لەبەردەم منداڵ و کەسانی بەتەمەن.
حاجی بەهیە شەریف، كەوتووەتە تەمەنەوە و بەعارەبانەیەكەوە دەیەوێت لە شەقامەكە بپەڕێتەوە، ئەو دەڵێت، زۆرجار هەیە ئەم مەنهۆڵانە نابینرێت و بەتایبەت كەمن كەوتومەتە تەمەنەوە پێویستم بەو عارەبانەیە و زۆرجاریش لە شوێنانی دیكە قاچم لەو مەنهۆڵانە هەڵكەوتووە، داوا لە شارەوانی سلێمانی دەكەم خزمەتی خەڵكی بكەن و زوو چارەسەری بكەن.
سالار محەمەد، شۆفێرێكی رێگاكەیە و بە 964ی وت، ئەو مەنهۆڵە گرفتی بۆ هەموو شۆفێران دروست كردووە و بەتایبەت لە شەواندا نابینرێت، شوێنەكەش بەردەم نەخۆشخانەیە و قەرەباڵغە خوانەخواستە منداڵێك پیرە ژنێك تێیبكەوێت قاچی دەشكێت، سەریشی بەتاڵە و بۆنێكی ناخۆشی هەیە، شیشەكانیشی بەریداوە و ئۆتۆمبێلەكانی تێدەكەوێت، شتێك نییە چارە نەكرێت زۆر ئاسانە چارەسەركردنی و پێویستە زوو چاكبكرێتەوە.
964پەیوەندی بە زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی كردو لای خۆیەوە وتی، ئاگاداری گرفتی ئەو مەنهۆڵە نین و داوای كرد وێنەی شوێنەكەی بۆ بنێرین، بۆ ئەوەی سبەی لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەدواداچوونی بۆ بكەن و هەرچی زووە گرفتی مەنهۆڵەكە چارەسەر بكەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا