ئاسایشی ئەلیكترۆنی لە كەركوک

هێرشی ئەلیكترۆنی كراوە بەڵام زیانی گەورەی نەبووە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، لە ژێر رۆشنایی ئەو هەواڵانەی باس لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن کە بەشێک لە ماڵپەڕە عێراقییەکان دەکەنە ئامانج، روونیدەكەنەوە راستە هێرش كراوە بەڵام بەریان پێگرتووە و نەیانهێشتووە زیانی گەورەی هەبێت.

بەپێی راگەیاندراوێكی سەنتەرەكە، كە پەیجی پارێزگای كەركوك بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە دەزگا پەیوەندیدارەكان توانیان هەوڵەكانی هاككردن رابگرن، هەروەها ئاشكرای دەكەن كارەكە لە لایەن گرووپی نایاساییەوە ئەنجامدراون.

سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای کەرکوک دەڵێن، دەیانەوێت ئەم خاڵانە بۆ رای گشتی روونبكەنەوە:

1. سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای کەرکوک و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت توانی هەوڵەکانی هاککردن بەرپەرچ بداتەوە و کاریگەرییەکانیان بە تەواوی رابگرێت.

2.هەڵسەنگاندنێکی تەکنیکی دەریخست کە دزەپێکردنی داتا راپۆرتکراوەکان تەنیا داتا کۆنەکان بوون و هیچ بەهایەکی کارکردنیان نەبوو، ئەو داتایانە کە لە ناوەندی داتا نیشتمانییەکان پارێزراون، لە میدیاکانەوە لەلایەن هێرشبەرانەوە زیادەڕەوییان تێدا کراوە بۆ بەلاڕێدابردن و هاندانی بیروڕای گشتی.

3. ئەم هێرشانە کە لەلایەن گرووپە نایاساییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، زیانێکی گەورەیان بە سیستمی سەرەکی ئۆپەراسیۆنی وەزارەتەکان یان دامەزراوە حکومییەکان نەگەیاندووە.

4. پارێزگای کەرکوک و سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دووپاتی دەکەنەوە، هەماهەنگی لە ئاستە بەرزەکاندا بەردەوامە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی ئەمنی و یاسایی بەرامبەر لایەنە بەرپرسەکانی ئەو کارە نایاساییانە و دڵنیابوون لە پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵی نیشتمانی، لە هەر هەڕەشەیەکی داهاتوو.

5 .داوا لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین، کە وردبین و بەرپرسیار بن لە رووماڵکردنی هەواڵی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا، بە تەنیا پشت بە لێدوانە فەرمییەکان ببەستن، کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن.

ئایا هێرشی ئەلیكترۆنی دەكرێتە سەر عێراق؟

ئایا هێرشی ئەلیكترۆنی دەكرێتە سەر عێراق؟