شۆڕشی ئەیلول
ئەو شۆڕشەی کوردی خستە سەر نەخشەی فەرمانڕەوایی لە عێراقدا
964+
ژووری هەواڵ
لە قاسمەوە هەتا بەکر..14 ساڵی رەبەق پێشمەرگە بە بڕنەوو چەکی زۆر سادە شەڕی هێزێکی تۆکمەو زەبەلاحی وەک سوپای عێراقی کرد، 14 ساڵی پڕ هەورازو نشێو کە ناوی کوردی خستە سەر نەخشەی فەرمانڕەوایی لە عێراقدا، ئەمە شۆڕشی ئەیلوولە کە لە ساڵی 1961 دەستی پێکردو لە ساڵی 1975 بەپلانێکی نێودەوڵەتی خامۆش کرا.
دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەبدولکەریم قاسم، لە سەرەتای ئەیلولی 1961 خۆپیشاندان و مانگرتنی خەڵکی ناوچە جیاوازەکان دژی رژێمەکەی قاسم دەستیپێکرد، پاش خۆ قاییمکردنی خەڵک و پێشمەرگە رۆژی 11ی ئەیلولی 1961 بە هێرشی سوپای عێراقی بۆ سەر خەڵکی راپەڕیو لە بازیان و دەربەندیخان چەخماخەی شۆڕشەکە هەڵگیرساو ئیتر لە هەموو ناوچەکان پێشمەرگە بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی دەستی لە سوپا کردەوە، ئەوەش بووە یەکەم رۆژی یەکێک لە بەناوبانگترین شۆڕشەکانی کورد.
ساڵانی شۆڕشی ئەیلول پڕیەتی لە تۆمارکردنی داستانی گەورە، هەر وەک چۆن بێبەش نییە لە شکست و هەستانەوەو مێژووی گەش و رەش.
ناوەڕاستی شەستەکان ئەو بەشەی شۆڕشی ئەیلولە ،کە پڕیەتی لە دووبەرەکی و ناکۆکی و هەر ئەو ساڵانەش دەستەواژەی مەلایی و جەلالی چەسپاو هەتا ئەمڕۆش رەنگدانەوەی هەیە.
گەورەترین دەستکەوتی شۆرشی ئەیلول رێکەوتننامەی 11ی ئازاری 1970یە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا دان بە مافی حوکمی زاتی بۆ کورد نراو چەند مافێکی بنەڕەتی و گرنگی بەدەستهێنا، کە هەر ئەوەش بووە بناغەی رێکەوتنەکانی داهاتووی کوردو عێراق بەوەشەوە کە ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستانی تیا چەسپییەوە.
شۆڕشی ئەیلول شۆڕشێکی گشتگیرو سەرتاسەری بوو، هەموو کوردستانی گرتبووەوە، بە هۆی ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕشەکە لە ناوچەی باڵەکایەتی بوو، بەفیعلی ئەوێ ببووە پایتەختی شۆڕش، بەشێکی گرنگی مێژووی ئەو شۆڕشە لەوێ تۆمارکراوە، هەر لە رێکەوتنەکەی ئازاری ناوپردان هەتا هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا لە حاجی ئۆمەران و بارەگای رادیۆ لە قەسرێ و وەزارەتەکانی چۆمان و وەزارەتی تەندروستی لە کەوەرتە، لەوێشەوە بۆ داستانە گەورەکانی هەندرێن و زۆزک
لەماوەی ئەو شۆڕشەدا کورد لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە هەتا عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر هەم شەڕی کردو هەم دانووستان، بەڵام سەرەنجام بە رێکەوتنی سەدام و شای ئێران لە رێکەوتننامەی جەزائیر، ساڵی 1975 کۆتایی بە شۆڕشەکە هێندرا.