ئاوەکەشی کەمی نەکردووە
ئاوی شێخی باڵەک جمەی دێت لە خەڵک
964+
ئاکام غەفور- سۆران
ئاوی شێخی باڵەک لە تەواوی کوردستان خەڵکی بۆخۆی پەڵکێش دەکات، هەر کەس نەخۆشی گورچیلە و بەردی گورچیلەی هەبێت لەم ئاوە دەخواتەوە و بەقسەی خۆیان دوور دەکەونەوە لە دەرد و بەڵا.
ئاوەکە دەکەوێتە ناحیەی حاجی ئۆمەران، خەڵکی وەک شیفا ئاوەکە دەبینێت و لەگەڵ وشکەساڵیەکەی ئەمساڵیش تاکە ئاوە کە کەمی نەکردووە و هەر وەک خۆی ماوەتەوە.
شەرمین حەمەد، لە هەولێرەوە هاتووە بۆ ئاوی شێخی باڵەک و بە 964ـی وت، ”سوودی زۆرمان لە ئاوی شێخی باڵەک بینیوە، دشەکەم بەردی گورچیلەی هەبوو، هەر جارێک چارەسەری پزیشکی وەردەگرت دوای سێ مانگ بەردەکانی دروست دەبوونەوە، بەڵام لە دوای هاتنی بۆ ئێرە نزیکەی هەشت ساڵە هیچ کێشەیەکی گورچیلەی نەماوە”.
دەشڵێت، ئەگەر سوودمان لێ نەبینیبێت ئەو رێگا دوورە نابڕین و لە هەولێر نایەن بۆ ئێرە.
ئاوی شێخی باڵەک کانیاوێکی سرووشتیە لە ناوچەکە و لە کۆنەوە هەر ماوەتەوە لە وەرزی هاوینیش وەک سەهۆڵاو ئاوەکەی ساردە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر